ھێزەكانی سوریای دیموكرات گەیشتنە دیرەزۆر

15 گوندیان كۆنترۆڵكرد

K24 – ھەولێر

ھێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ یەكەمجار چوونەتە ناو سنووری پاریزگای دیرەزۆر، كە بە ھۆیەوە ھەوڵی ئابڵۆقەدانی شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش دەدەن.

فەرماندەیەكی ھێزەكانی سوریای دیموكرات بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند "ھێزەكانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكەیان بۆ ئابڵۆقەدان و كۆنترۆڵكردنی باژاری رەققە چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر"، كە بەشێكی زۆری لەژێر كۆنترۆڵی داعش دایە.

ئامانجی ھێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ چوونە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر، داخستنی رێگەی ھاتوچووی داعشە لە نێوان ھەردوو شاری رەققە و دێرەزۆر.

ئەم پێشرەوییەی ھێزەكانی سوریای دیموكرات، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە ئۆپەراسیۆنی دژی داعش فراوانتر دەكات.

ھێزەكانی سوریای دیموكرات رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققە، كە لە سێ قوناغی یەكەمی ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوچەیەكی زۆریان لە باكوور، رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی رەققەیان كۆنترۆڵ كرد و بە یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر.

ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو 21 شوبات، روانگەی سوری بۆ مەفەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە 11 كەس لە ئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكەكان لە دێرەزۆر كوژران و زیاتر لە 35 دیكەشی بریندار بوون، بەڵام ھێشتا ئاشكرا نەبووە چ لایەنێك ئەم ھێرشەی ئەنجامداوە، یان پەیوەندی بە دوایین پێشكەوتنی ھێزەكانی سوریای دیموكرات ھەیە یان نا.

"ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە باشووری پارێزگای حەسەكە چوونەتە ناو باكووری سنووری پارێزگای دیرەزۆر"، سەرچاوە سەربازییەكەی ھێزەكانی سوریای دیموكرات بە رۆیتەرزی گوت.

گوتیشی ھێزەكانیان 15 گوندیان لە پارێزگای دێرەزۆر كۆنترۆڵكردووە، بی ئەوەی كاتی كۆنترۆڵكردنیان ئاشكرا بكات.

JS