ئەمریكا و روسیا پێكەوە شەڕی داعش دەكەن

تەنیا بۆ دەستپێكردنی ھەوڵەكان پێویستیمان بە دیالۆگ ھەیە

K24 - ھەولێر

وەزیری بەرگری روسیا سێرگی شۆیگو رایگەیاند مۆسكۆ و واشنتۆن پێكەوە شەڕی داعش دەكەن.

ئاژانسی TASS روسی لە زاری وەزیری بەرگری وڵاتەكەی بڵاوی كردەوە "ئامانجیان یەكخستنی ھەوڵەكانیانە، بۆ ئەوەش ھەموو تواناییەكمان ھەیە، تیرۆری نێودەوڵەتی تاكە دوژمنمانە، ھەم ئێمە و ھەم ئەمریكا داعش بە دوژمن دەزانین. رەوشی رەققە بەرچاوە، لەبارەی ئەوەی كێ لەوێیە ھیچ  ناكۆكییەكمان نییە، تەنیا بۆ دەستپێكردنی ھەوڵەكان پێویستیمان بە دیالۆگ ھەیە".

ھێزەكانی سوریای دیموكرات بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققە، كە لە سێ قوناغی یەكەمی ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوچەیەكی زۆریان لە باكوور، رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی رەققەیان كۆنترۆڵ كرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر.

ئەمریكا لە سەردەمی باراك ئوباما سەرۆكی پێشوو، پلانی پێكەوە كاركردنی ھەواڵگری لەگەڵ روسیا ھەبوو و بەرپرسانی ھەردوو وڵات بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار كۆبوونەوە، بەڵام بە ھۆی بۆردومانەكانی فڕۆكەكانی روسیا، پێكھێنانی ژووری ھاوبەشی ھەواڵگری تەنیا لەسەر میزی دانوستانەكان مایەوە.

روسیا پێشبینی دەكات لە سەردەمی ترەمپ ھەماھەنگییە سەربازییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن لەبارەی سوریا سەر بگرێت.

JS