عەبادی: ئۆپەراسیۆنی موسڵ بە خێرایی بەڕێوە دەچێت
تیلێرسۆن: ھێزەكانی عێراق سەركەوتوو بوون لە بەڕێوەبردنی شەڕەكە
K24 - ھەولێر
سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكای راگەیاند "ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رۆژئاوای موسڵ بە پێی ئەو پلانەی بۆ دارێژراوە بە خێرایی بەرێوە دەچێت، سەرباری ئاستەنگەكانی بەردەمی".
گوتیشی ستراتیژیمان لە شەڕی موسڵ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانە و پێداگریشی لەسەر گرنگی ھاوكاری نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر كرد.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد، پاش ئەوەی كە رۆژھەڵاتی شارەكە لە ئۆپەراسیۆنێكی سێ مانگەدا كۆنترۆڵكرا.
نووسینگەی عەبادی بڵاوی كردەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تیلێرسۆن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە گەڵ عەبادی رۆڵی ھێزەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی شەڕ گرنگ نرخاند كە لەمبارەوە پێشكەوتنی زۆریان بەدەستھێناوە و وڵاتانی دیكە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن و پشتگیری وڵاتەكەشی بۆ عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر و بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە خستەڕوو.
ھێزەكانی دژە تیرۆری عێراق لە رۆژی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ چوونەتە ناو بنكە سەربازی خەزلانی و فڕۆكەخانەی موسڵ لە باشووری رۆژئاوای شارەكە.
رۆژئاوای موسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكریت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژیر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ بوونە.
ئۆپهراسیۆنی كۆنترۆڵكردنهوهی مووسڵ لە 17 تشرینی یهكهمی 2016 به بهشداری 100 ههزار كهس له هێزهكانی عێراقی و كوردستانی دهستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.
ھەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پێنجەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكە، ھێزەكانی عێراق گوندی یەرموك و كارگەی شەكری موسڵ لە باشووری رۆژئاوای شارەكەیان كۆنترۆڵكرد.
JS