عەبادی وێنەی خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودییە بڵاودەكاتەوە

پاش روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بە یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سعوودییە بۆ عێراق ئەژمار دەكرێت

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی سعوودییە عادل جوبێر لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەی بۆ عێراق لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كۆ بووەوە.

جوبێر ئەمرۆ شەممە 25 شوباتی 2017 بە سەردانێكی رانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا كە پاش روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بە یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سعوودییە بۆ عێراق ئەژمار دەكرێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا ئاوات خەیروڵڵا رایگەیاند جوبێر بە سەرۆكایەتی شاندێكە پایەبلند سیاسی و ئەمنی سەردانی بەغدای كرد و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بارەی ھاوكاری ئەمنی نێوانیان، بەتایبەتی شەڕی دژی داعش گفتوگۆ دەكات و كە سعوودییەكان پێیان باشە باس لە پرسی دەسترویشتوویی ئێران لە عێراق و پرسەكانی پەیوەندیدار بە حەشدی شەعبی بكەن.

عەبادی لە فەیسبوك، بە بڵاوكردنەوەی وێنەی كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ جوبێر نووسیوە "سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی پێشوازی لە وەزیری دەرەوی سعوودییە عدال جوبێر و شاندی یاوەری كرد".

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند لە كۆبوونەوەكەی نێوان عەبادی و وەزیری دەرەوەی سعوودییە عادل جوبێر باس لە پەیوەندیی دوو قووڵی نێوان ھەردوو وڵات و چۆنییەتی بەھێزكردنی لە تەواوی بوارەكان و شەڕی دژی داعش و سەركەوتنەكانی ھێزەكانی عێراق لە رۆژئاوای موسڵ كرا.

سعوودییە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2005 سەرباری ناكۆكییەكانی لەگەڵ عێراق باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا كردەوە، پاش ئەوەی لە ساڵی 1990 لە سەردەمی شەڕی كوەیت باڵیۆزخانەكەی داخستبوو.

پەیوەندییەكانی سعوودییە و عێراق لەم دواییە جارێكی دیكە تێكچوو، بە تایبەتی پاش ئەوەی باڵیۆزی پێشووی سعوودیە  لە بەغدا " ثامر السبهان" سەردانی زیندانێكی عێراق كرد كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆمەتی دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی داوای گۆڕینی كرد.

پرسی بەحرێن، یەمەن، دەسترویشتوویی ئێران لە عێراق، حەشدی شەعبی و مامەڵەی حكومەتی پێشووی عێراق لە سەردەمی مالیكی بەرامبەر سوننەكان ناكۆكییەكانی نێوانیان چەند بەرامبەر زیاتر كرد.

 عێراق سعوودییە بە پشتگیری كردنی رێكخراوە توندەرەوكانی سونە تومەتبار دەكات، لە بەرامبەردا ریاز حكومەتی شیعەی عێراق بە گرتنەبەری سیاسەتی تایفەگەری بەرامبەر سوننەكانی تۆمەتبار دەكات.

JS