ھێزەكانی عێراق بەربەستەكانی داعش تێدەپەڕێنن

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ كۆنترۆڵكردنی گەرەكی "المامون" رادەگەیەنێت

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی عێراق لە باشووری رۆژئاوای موسڵ بەربەستەكانی داعش تێدەپەڕێنن و یەكەم گەڕەك لە بەشی رۆژئاواوی شارەكە كۆنترۆڵ دەكەن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ رایگەیاند ھێزەكانی دژە تیرۆر گەڕەكی "المامون"یان بە تەواوەتی كۆنترۆڵ كرد و ئاڵای عێراقیان بەسەر بیناكانی بەرز كردەوە.

لە لایەكە ترەوە فەریق رائید جەودوت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ رایگەیاند ھێزەكانی كۆماندۆی دەستەبژێر و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ لە گەڕەكی "الطيران"  بەربەستەكانی داعشیان روخاند و پێشڕەوییان كرد و چوونە ناوەوە و نیشانەشكێنیان لەسەر بیناكانی بڵاو كردەوە.

ھەروەھا گوتی تەواوی بەرگرییەكانی پێشەوەی داعش لە گەڕەكانی پێشەوەی باشووری رۆژئاوای موسڵ روخاون و ھێزەكانی عێراق دەستیان بە پاككردنەوەی گەڕەكی تەیران كردووە، كە داعش ھەوڵیدا پێشی بە پێشڕەوی ھێزەكانمان بەرەو بیناكانی حكومی لە ناوچەی "الدواسة" بگرێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق رۆژی 19 شوباتی 2017، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

پۆلیسی فیدراڵ رۆژی 24 شوباتی 2017  كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵی راگەیاند، كە رۆژی پێشتر بنكەی سەربازی غەزلانیان كۆنترۆڵكردبوو.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

JS