تره‌مپ بودجه‌ی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی زیادده‌كات

گله‌یی له‌ رێگاوبانه‌كانی نیویۆرك و لۆس ئه‌نجلۆس هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بۆ ساڵی 2018 بووجەی وەزارەتی بەرگری بۆ 54 ملیار دۆلار زیاد دەکەین و وەزارەتی بەرگریش پلانێکی تۆکمەی بۆ لەناوبردنی داعش و رووبەروبوونەوەی تیرۆر داڕشتووە و گوتی: "بابەتی بووجە کە بەشێکی زۆری لێدوانەکانم دەبێت و وردەکاری زیاتر رادەگەێنین، بووجەی وەرازرەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆ بۆ ساڵی 2018 بۆ 54 ملیار دۆلار زیاد دەکەین واتە بەرێژی لەسەدا 9 زیاد دەبێت".

بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو یەکەم بودجەی ئیدارەی ترەمپ رەوانەی کۆنگرێس بکرێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ش تره‌مپ گوتیشی: "جیالەوەش پلانی جددیمان ھەیە بۆ بەھێزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و کەمکردنەوەی باج، چونکە بەھۆی زۆری باجەوە بووینەتە وڵاتێکی بەکاربەر و وڵاتانی دیکە ناتوانن بەرھەمەکانی ئێمە وەک پێویست بکرن".

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگارەکانی وڵاتەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا جیا لە بواری سەربازی کاری جددی بکات بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری ئەمریکا و گوتی: "ئێمە 6 تریلیۆن دۆلارمان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەرجکردووە, بەڵام وەرن رێگاوبانەکانی خۆمان ببینن چۆنن. تەنھا سەیری رێگای نیویۆک و لۆس ئەنجلۆس بکەن کە رێگایەکی زۆر خراپە و خەڵکی زۆر گلەیی دەکات. گرنگییەکی زۆر بە ژێرخانی ئابووری دەدەین."