زیاتر لە ھەزار كەس لە دەستی داعش رزگاركران
هاووڵاتیانی رۆژئاوای مووسڵ لە پێدانی زانیاری لەبارەی شوێنی چەکدارانی داعش هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن
K24 - ھەولێر
هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق هەزار و 500 کەسی سڤیلیان لە رۆژئاوای مووسڵ لەژێر دەستی چەکدارانی داعش رزگارکرد. فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆریش رایگەیاند، داعش توانای بەرگریکردنی نەماوە.
عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، هێزەکانیان هەزار و 500 کەسی سڤیلیان لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە رۆژئاوای مووسڵ رزگارکردووە.
گوتیشی، هاووڵاتیانی رۆژئاوای مووسڵ لە پێدانی زانیاری لەبارەی شوێنی چەکدارانی داعش هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن. جەختیشیکردەوە، داعش توانای بەرگریکردنی نەماوە و هێزەکانیشیان لە پێشڕەوییەکانیان بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکان بەردەوامن.