دوو منداڵی دووانه"جمك" له‌ناو جلشۆردا خنكان
ته‌مه‌نیان 3 ساڵان بووه
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند خوله‌كێك به ته‌نها له ماڵه‌وه جێیانهێشتوون، به‌هۆی خه‌مساردی دایك و باوكیانه‌وه دوو منداڵی دووانه"جمك" ی هیندی گیانیان له ده‌ستدا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی "ئیندپیندنت" بریتانی ئه‌و دوو منداڵه هیندیه هه‌ر دووكیان به‌یه‌ك سك له دایكبوون و پاش ئه‌وه‌ی دایك و باوكیان بۆ چه‌ند خوله‌كێك ماڵیان جێهێشتووه، هه‌ر دووكیان له‌ناو ئامێری جلشۆری ماڵه‌وه‌دا خنكاون.
ئه‌و رووداوه له شاری نیودلهی پایته‌ختی هیندستان روویداوه و منداڵه‌كانیش ناویان ( نیشانت و نكشا) بووه وتهمنیان 3 ساڵان بووه، ئه‌و جلشۆرهشی تێیدا خنكاون 12 - 15 لیتری بووه و دایك و باوكیان خستوویانهتهكار و خۆیان چوون تاید و شامپۆ بكڕن، به‌ڵام تا گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌ردووكیان چوونه‌ته ناوی و خنكاون.
یه‌كه‌مجار دایكیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵه‌وه و رووداوه‌كه‌ی بینیووه و په‌یوه‌ندی به پۆلیسه‌وه كردووه، دواتریش باوكیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و لاشه‌ی سارده‌وه‌بووی منداڵه‌كانی له‌ناو جلشۆره‌كه‌دا بینیووه.
پۆلیس له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه گوتوویه‌تی" منداڵه‌كان خۆیان به جلوبه‌رگه‌كانی لێواری جلشۆره‌كه‌وه سه‌رقاڵكردووه و یاریان پێكردووه و سه‌یریان كردووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی بكه‌ونه ناو جلشۆره‌كه‌وه و له ئاوه‌كه‌دا بخنكێن.