"تا كۆتایی شه‌ڕده‌كه‌ن"
چه‌كداره بیانییه‌كان ناتوانن له‌ناو خه‌ڵكی سڤیلی شاری مووسڵدا خۆیان بشارنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
تا دێت شه‌ڕی رۆژئاوای شاری مووسڵ قورس‌تر ده‌بێت، هێزه‌كانی عێراق چوونه‌ته ناوچه‌كانی رۆژئاوای شاره‌كه و له ناوه‌ندی سه‌ره‌كی چه‌كدارانی داعش نزیكبوونه‌ته‌وه، ژماره‌ی چه‌كداره بیانییه‌كانی ناو داعش، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت تاكۆتایی شه‌ڕبكه‌ن زیادبوون، هه‌ر بۆیه جه‌نگه‌كه له‌و به‌شه‌ی شاره‌كه سه‌ختتره و ئه‌و بیانیانه‌ش ناتوانن له‌ناو خه‌ڵكه سڤیله‌كه‌دا خۆیان بشارنه‌وه.
له یه‌كێك له شه‌ره‌كاندا هێزه‌كانی عێراق چه‌كدارێكی بیانی داعش ده‌كوژن، له باخه‌ڵی ئه‌و چه‌كداره‌دا، ده‌فته‌رێكی بچووك ده‌دۆزنه‌وه كه ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی چه‌كداره بیانییه‌كانی دیكه‌ی تێدابووه.
موقه‌ده‌م عه‌بدولئه‌میر ئه‌لمحه‌مه‌داوی ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراقه و ده‌ڵێت:" ئه‌م چه‌كداره عێراقی نییه و پێناچێت عه‌ره‌بیش بێت، هه‌رچه‌ند زیاتر له ناوه‌ندی ئه‌و به‌شه‌ی شاره‌كه نزیك ده‌بینه‌وه، چه‌كداری بیانی زیاتر ده‌بینین".
ئه‌و ئه‌فسه‌ره ده‌ڵێت" چه‌كداره بیانییه‌كان وه‌ك چه‌كداره ناوخۆییه‌كانی داعش راناكه‌ن، چونكه ناتوانن له‌ناو خه‌ڵكی سڤیلی شاره‌كه‌دا خۆیان بشارنه‌وه و تێكه‌ڵی ئه‌وانبن، ئه‌وان راناكه‌ن و تا كۆتایی شه‌رده‌كه‌ن".