هۆشداری له باره‌ی "یاری مه‌رگ" ده‌درێت
له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌یه و به مه‌رگ كۆتایی دێت
K24 - هه‌ولێر:
یارییه‌كی نوێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه له‌نێوان هه‌رزه‌كارانی رووسیا بووه‌ته باو و ئه‌نجامده‌درێت، له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا، بووه‌ته هۆی مردنی 130 هه‌رزه‌كار.
یۆلیای 15 ساڵ و ڤیرۆنیكای 16 ساڵ، دوایین قوربانی ئه‌و یارییه نوێیه‌ن، كه له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌كرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی یارییه‌كه ده‌كه‌ن، به ویست و ئاره‌زووی خۆیان به‌شداری ده‌كه‌ن.
ميدياكانى رووسيا ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، یارییه‌كه بریتییه له ئه‌نجامدانی كاری مه‌ترسیدار و جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێنماییانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و په‌یجانه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بۆیان دێت، له ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردووش‌دا، 130 هه‌رزه‌كاری رووسی، به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و یارییه "مه‌ترسیداره" گیانییان له‌ده‌ستداوه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "میره‌ر"ی به‌ریتانیش، یارییه‌كه له‌لایه‌ن په‌یجه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دانراوه، كه تێیدا هه‌رزه‌كاران هانده‌ده‌ن له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ندنی نه‌خشێكی دیاریكراو له‌سه‌ر جه‌سته‌یان، به هۆی چه‌قۆ یاخود مووس و كانزای تیژ، هه‌روه‌ها هانییان ده‌ده‌ن سه‌یری فیلمه ترسناكه‌كان بكه‌ن، یارییه‌كه‌ش به مه‌رگی ئه‌و كه‌سه كۆتایی دێت، كه به‌شداریكردووه و رێنماییه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ته‌نها 50 رۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌و په‌نجا رۆژه‌شدا، ده‌یان هه‌ڵسووكه‌وتی نامۆ ئه‌نجامده‌ده‌ن و دواتریش به مه‌رگی خۆیان كۆتایی دێت.
هه‌ریه‌ك له یۆلیا كۆنستانتینۆڤا 15 ساڵ و ڤیرۆنیكا ڤۆلكۆڤای 16 ساڵ، خۆیان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كی 14 نهۆمی خستووه‌ته خواره‌وه و ده‌ستبه‌جێ گیانییان له‌ده‌ستداوه، چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌م رووداوه‌ش، كچێكی دیكه‌ی رووسی، خۆی خستووه‌ته ژێر شه‌مه‌نده‌فه‌رێك.
وه‌ك میدیاكانی رووسیا بڵاوییانكردووه‌ته‌وه، له‌م دواییانه رووداوی هاوشێوه زیادییانكردووه و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هاندانی هه‌رزه‌كارانیش له‌سه‌ر ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیادبوونه، به‌تایبه‌تیش له‌نێو ئه‌و گه‌نجانه‌ی هه‌ست به‌بێئومێدی ده‌كه‌ن و هیچ شتێكیش به لایانه‌وه گرنگ نییه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی رووسیا ساڵی رابردوو، گه‌نجێكیان به‌ناوی فیلیپ بۆدیكین ده‌ستگیركرد، كه چه‌ند گرووپێكی پێكهێنابوو، بۆ هاندارانی هه‌رزه‌كاران بۆ خۆكوشتن.
سه‌رچاوه: SkyNews