ترەمپ دووەم بڕیاری دژی پەنابەران دوا دەخات

لە بڕیاری دووەمی ترەمپ ھەندێ گۆڕانكاری تێیدا كراوە و لەگەڵ بڕیاری دادگا دەگونجێندرێت

K24 - ھەولێر

كۆشكی سپی بڵاوی كردەوە دەرچوونی بڕیاری جێبەجێكاری سەرۆكی وڵات بۆ پێشیگرتنی كاتی بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ژمارەیەك وڵات لەوانە عێراق بۆ ھەفتەی داھاتوو دوا خرا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی 27  كانوونی دووەمی رابردوو بڕیاریدا بۆ ماوەی 90 رۆژ ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵات بۆ ئەمریكا قەدەغە بكرێت، لەگەڵ قەدەغەكردنی 120 رۆژ وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەم حەوت وڵاتە.

پاش ئەوەی دادوەرێكی فیدراڵ یەكەم بڕیاری دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ھەڵوەشاندەوە و دادگای فیدراڵیش داواكاری ترەمپ بۆ دووبارە كارپێكردنی بڕیارەكەی رەتكردەوە، ھەوڵی دەركردنی بڕیارێكی دیكەیدا.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە بەهۆی فشارێکی زۆری وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا، ترەمپی ناچارکراوە، ناوی عێراق لەو لیستە بهێنێتە دەرەوە.

ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەكەی لەبارەی دووەم بڕیاری جێبەجێكاری سەرۆك رایانگەیاند ھەندێ گۆڕانكاری تێیدا كراوە و لەگەڵ بڕیاری دادگا دەگونجێنن. بەڵام ئەوە چەندینجارە دەرچوونی ئەم بڕیارە دوا دەخرێت.

بە پێی دووەم بڕیاری ترەمپ كە ھێشتا دەرنەچووە، تەواوی ئەو پەنابەرانە لە ئەمریكا دەردەكرێن، كە بە شێوەیەكی نایاسایی لەم وڵاتە دەژین و ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 11 ملیۆن كەس، بەڵام ئەوانەی لە سەردەمی منداڵییەوە ھاتوون نایانگرێتەوە و ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 750 ھەزار كەس.

JS