ھێزەكانی عێراق دەست بەسەر چوارەمین پرد لە رۆژئاوای موسڵ دەگرن

گەڕەكی جەسۆق كۆنترۆڵ دەكەن

K24 - ھەولێر

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ فەريق عەبدولئەمير يارەڵڵا رایگەیاند ھێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەر بە پۆلیسی فیدراڵ گەڕەكی "جەوسۆق"یان كۆنترۆلكرد و دەستیان بەسەر چوارەمین پرد لە بەشی رۆژئاوای موسڵ گرت.

ھێزەكانی عێراق ھەر ئەمڕۆ گەڕەكی "تەیران"یان كۆنترۆڵكرد، رۆژێك پاش ئەوەی كە گەڕەكی "مەئمون"یان كۆنترۆڵكردبوو.

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند ھێزەكانی عێراق چوارەمین پردیان لە لای رۆژئاوای موسڵ كۆنترۆڵكرد و لەسەر پێشڕەوییەكانیان بەردەوامن.

فەرماندەی ئوپەراسیۆنی موسڵ باس لە زیانی گیانی و لەناوبردنی كەرەستە سەربازییەكانی داعش لە گەڕەكی جەوسوق دەكات و دەڵێت ئاڵای عێراق بەسەر بیناكانی بەرز كرایەوە.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن.

پۆلیسی فیدراڵ رۆژی 24 شوباتی 2017  كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵی راگەیاند، كە رۆژی پێشتر بنكەی سەربازی غەزلانیان كۆنترۆڵكردبوو.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

دوای زیاتر لە چوار مانگ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

JS