پارتی: دەتوانین لەرێی گفتوگۆی راشکاوانەوە لەگەڵ بهغدا ببینە دوو دراوسێی باش
ئەم قۆناغە قۆناغی گەیشتنە بە ترۆپکی ئامانجەکانی راپەڕین کە سەربەخۆیی کوردستانە
K24 - ههولێر:
پارتی دیموكراتی كوردستان، له بهیاننامهیهكدا, به بۆنهی 26همین ساڵیادی راپهڕینی ئاداری 1991 رایدهگهیهنێت، گهلی كورد خاوهن راپهڕینێكی شكۆداره و ههمیشه ویستوویهتیهتی بنهماكانی پێكهوهژیان لهژێر یهك ئاڵادا بكاته بهرنامهی ژیان.
له بهشێكی راگهیهندراوهكهی پارتیدا، ئاماژه بهوه كراوه، ههموو رێگهیهك بۆ پێكهوهژیان لهگهڵ بهغدا تاقیكراوهتهوه و ههمووجارێك نوخبهی دهسهڵاتدار پشتی له مافهكانی گهلی كورد كردووه و ئیتر هیچ نهماوه تاقی نهكرێتهوه و تێیدا دهڵێت: " دەتوانین لەرێی دانووستان و گفتوگۆی راشکاوانەوە لەگەڵ ئاواندا ببینە دوو دراوسێی باشی یەکتر".
وهك له راگهیهندراوهكهدا ئاماژهی پێدراوه، له دوای رووخانی رژێمی بهعس، به ئامانجی شهراكهتی راستهقینه، گهلی كورد به شداری له بنیاتنانهوهی عێراقێكی فیدراڵ كردووه، بهڵام دواجار پشت لهو شهراكهته كراوه.
ئاماژه بهوهش دهكهن، كار گهیشتووهته ئهوهی، وهك سزایهك بهسهر گهلی كوردستان، دهسهڵاتدارانی عێراق، دهستییان چووهته بڕینی بودجهی قووتی خهڵك، بهڵام گهلی كوردستان، به "ورهیهكی پۆڵایینهوه" توانیویهتی رووبهڕووی بارودۆخه سهختهكه ببێتهوه.
دهقی بهیاننامهكه:
پارتی دیموكراتی كوردستان،
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی (۲٦)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شکۆدارەکەی (٥ی ئاداری۱۹۹۱).
(راپەڕین لە سەربەخۆیی کوردستاندا ئامانجەکانی بەدی دێن)
راپەڕینی گەلی کوردستان لە ئاداری ١٩٩١دا، بەرەنجامی خەباتی سیاسی و پیشمەرگایەتی گەلی کوردستان و درێژکراوەی شۆڕشی رزگاریخوازیی نیشتمانی بوو کە لە دژی زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی و لەپێناوی ئازادی و دیموکراتی مێژوویەکی پڕشنگداری، بە قوربانیدانی رۆڵەکانی تۆمار کردبوو.
راپەڕین وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلێک بوو کە حکومەتە شۆفێنییە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە هاوکاری داگیرکەرانی دیکەی نیشتمانی کوردستان لە ناوچەکەدا، ویستیان بە ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی جینۆسایدی بکەن. بەڵام دەرەنجام ئەوان لەناوچوون و گەلی کوردستان سەربەرزانە هەموو قۆناغە دژوارەکانی بڕی و بە هەورازە سەختەکاندا هەڵزنا و پەرلەمانی پێکهێنا و حکومەتی دامەزراند و سەرکەوتنی یەک لەداوای یەکی هەڵچنی، بەو هۆیەشەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش متمانەی خۆی پێ بەخشی و بۆ پەیڕەوکردنی بەرژەوەندی هاوبەش رووی لە هەرێمی کوردستان کرد.
گەلی کوردستان کە خودان شانازییەکانی راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١ە بنەماکانی دیموکراسی سیاسی و کرانەوەی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی جیهانی هاوچەرخ و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فیکری توندڕەوی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی رەگەزپەرستی کردە ئایدیای خۆی بۆ دامەزراندنی پێگەکانی دوارۆژی. بۆ بەدیهێنانی هەر یەک لەو پرینسیپانەیش دامەزراوە سەروەرییەکان و سەرۆکایەتی هەرێمی کردە سیمبولی نیشتمان و گەلێکی فرە نەتەوە و فرە ئایین کە لەژێر یەک ئاڵادا پێکەوە دەژین و پێکەوە کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن و قۆڵی مەردایەتییان لێ هەڵکردووە بۆ پاراستنی سەروەرییەکان و پیشخستن و گەشەکردنی زیاتر.
لە کاروانی پێشڤەچووی ئەنجامەکانی راپەڕیندا، گەلی کوردستان لە رێی نوێنەرایەتی سیاسی خۆیەوە دوای رووخانی رژێمی فاشی بەعس، بەشداری کارای لە پێکهێنانەوەی دەوڵەتی عێراقدا کرد لەسەر ئەو بنەمایە کە دەبێتە دەوڵەتی هەمووانی خودان دەستوور و ئیتر دیکتاتۆرییەتی سیاسی و هەژموونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی دی نامێنێ و کۆتایی بە زوڵمی ئایینی و مەزهەبی دێت و سامانی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەکردنی ئابووری بەکاردەهێنرێ نەک جەنگ و ماڵوێرانکردن، بەڵام ئەوانە نەهاتنە دی و جارێکی دیکە مەیل و خولیای دیکتاتۆریی سەریهەڵدایەوە و شەڕی مەزهەبی عێراقی گەیاندە لێواری داڕمان و هەموو توانستە ئابوورییەکان بۆ درێژەدان بە خوێنڕشتن خەرج کرایەوە و دواجار پشتکرایەوە بنەماکانی تەوافوق و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دەستکرایەوە بە سزادانی گەلی کوردستان لە رێی بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانییەوە.
لەبەرئەوەی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێم تەسلیم بە سیاسەتی مل پێ کەچکردن نەبوون و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی پۆڵایین و بڕیاری دروستەوە بەرەنگاری بوونەوە، بۆیە پیلانگێڕی دژی گەلی کوردستان بەوەندەوە نەوەستا بەڵکو شەڕێکی نەگریسی مەترسیداری کرا بە تووشەوە و دڕەندەترین رێکخراوی پڕ چەکی لە چەکەکانی سوپای شکستخواردووی عێراق، بە درێژایی سنوورەکەی کرا بە گژدا. هەروەها حکومەتی عێراق پشتی کردە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەبووی شەڕی مەزهەبی و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و گەلی کوردستانیش جگە لە شەڕی دلێرانە بەرامبەر تیرۆریستان دەبوا ئەو هەموو ئاوارەیەش بەخێو بکات و بپارێزێ. هەڵبەت لە قۆناغی داهاتووی ئەو شەڕەدا دەرکەوت کە ئەم شەڕە تەنیا شەڕیکی خۆجێیی سنووردار نییە، بەڵکو شەڕێکی نێودەوڵەتییە کە چارەنووسی هەموو جیهانی ئازاد و پیشکەوتووی پێوە بەندە، ئیتر گەلی کوردستان بووە پارێزەری ژیان و ئاسایشی جیهان و داڕێژەرەوەی ناوچەکە و هەموو ستوونەکانی واقیعێکی نوێ لە شوێنی ئەو واقیعە دژوارەی زیاتر لە سەدەیەکە گەلانی ئەم ناوچەیەی کردۆتە قوربانی سیاسەتە شۆفێنییە دژی مرۆڤایەتییەکان.
ئێستا دوای تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلی کوردستاندا و پاش کەڵەکەبوونی ئەزموونەکانی خۆمان لە جۆری پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد و حوکمڕانیی خۆماڵی و ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رۆلمان لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمایەتی و جیهانیدا، قۆناغێکی نوێی بەدیهێنانی ئامانجەکانی راپەڕین پێگەیشتووە و پێویستە ئەم دەرفەتە بە وریاییەوە بقۆزینەوە و نەهێڵین بێ بەرهەم تێبپەڕێت. هەروەها لە ئەنجامی شەڕی دلێرانەی پێشمەرگەی کوردستان و تێکشکاندنی دەوڵەتی تیرۆر، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرچاوی رۆشن بۆتەوە بەرامبەر بە رەوایەتی دۆزی نیشتمانیی گەلی کوردستان و ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەی کە ئەم گەلە گەلێکی ئاشتیخوازی ژیاندۆستە و هەنگاوەکانی تەریبە بە هەنگاوەکانی جیهانی هاوچەرخ و پرینسیپ و دیدگاکانی مەدەنیانەیە و دەیەوێ دراوسێی باشی گەلانی ناوچەکە و دۆستی باشی وڵاتان بێ و رێز لە سەروەرییەکانیان بگرێ و چالاکترین رایەڵەی پەیوەندی و هاوبەرژەوەندی لەگەڵ هەموواندا راکێشێ، بۆیە پشتیوانی لە ئیرادەی ئازادانەی گەلەکەمان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی دەکەن.
کەواتە ئەم قۆناغە قۆناغی گەیشتنە بە ترۆپکی ئامانجەکانی راپەڕین کە سەربەخۆیی کوردستانە.
ژێردەستەیی هۆکاری هەرە بنەڕەتی هەموو زوڵم و ستەمێکە کە بەرامبەر گەلەکەمان کراوە، بۆیە گەیشتن بە لووتکەی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نیشتمانیمان، بەرجەستەکردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە و تێگەیشتنی واقیعبینانەیە لە دۆخی دەوڵەتی عێراق کە نوخبەی سیاسی دەسەلاتدار هەرگیز نەیویست ببێتە دەوڵەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و شەراکەتی راستەقینە، بەڵام ئێمە دەتوانین لەرێی دانووستان و گفتوگۆی راشکاوانەوە لەگەڵ ئاواندا ببینە دوو دراوسێی باشی یەکتر.
گەلی ئێمە کە ئامادە بووە بۆ پێکەوەژیان هەموو شێوازەکانی رێکخستنی دەوڵەت لەگەڵ برا عەرەبەکانی تاقی بکاتەو و هەموو جارێکیش بە هەڵگەڕانەوەی دەسەڵاتداران لە گەلی کوردستان کۆتایی هاتووە، ئیتر شێوازێک نەماوە بۆ تاقیکردنەوە، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە کە پێکەوە بنەماکانی پێکەوە هەڵکردنی هاوبەرژەوەندی پەیڕەو بکەین وەکوو دوو دەوڵەتی دراوسێ یان هەر شێوازێکی دیکە کە گەلەکەمان لە ریفراندۆمدا بڕیاری لەسەر دەدات.
وڵاتانی ناوچەکەیش پێویستە رێز لەم بژاردەیە بگرن و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەم گۆرانکارییە حەتمییە بکەن کە روودەدات و پێکەوە بەرژەوەندی هاوبەش دابڕێژین و دەرگا لەسەر ئایندەیەکی ئارام لە ناوچەکەدا بکەینەوە و دوور لە خۆسەپاندن و پیلانگێڕی و کیشەنانەوە، دەڤەرێکی نوێ بنیات بنێین کە مایەی سەقامگیری و ئاشتەوایی بێت بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت جیهان.
لەم بۆنەیەشدا و لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان لە دیدگای ئێمەوە، لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای بەرنامەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کیشەکان بە رێکخستنەوەی دامەزراوەکان، باشترین رێگەچارە و بژاردەیە کە گەلەکەمان ساز و ئامادە دەکات بۆ پێشوازی لە سەربەخۆیی و کارکردن لە قۆناغێکی نوێی پێشکەوتووی خەباتیدا. هەر ئەم بژاردەیەش کوردستان دەپارێزێ لە پیلانگێڕیی ئیقلیمی کە نیازیەتی هەنگاوەکانی سەربەخۆییمان دوابخات و هەندێ گروپ و هێزی چەکدار و میلیشیایی مەزهەبی بەکاردەهێنن بۆ ئاژاوەنانەوە و دروستکردنی پشێوی کە دەرەنجام دەرگا لەسەر دەستێوەردانی هەمەچەشنە لە دژی گەلەکەمان دەکەنەوە.
گەلی کوردستان راپەڕیوە و قوربانی بەخشیوە و لە جیاتی خۆی و هەموو جیهان شەڕی داعشی سەربەرزانە بردۆتەوە و نەیهێشتووە بکرێتە بەشیک لە شەری مەزهەبی بێزراو لە عێراق و ناوچەکەدا، بۆیە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکاندا سەربەخۆیی مافی رەوایەتی. هەروەها خۆی خاوەنی نیشتمان و دەستکەوتەکانییەتی و حکومەتی هەرێم حکومەتی خۆیەتی و بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی وڵات، دەبێ رێز لە ئیرادەی ئەم گەلە بگیرێ، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی هیچ کەس و لایەنێک بە وەسی لەسەر خۆی قبووڵ ناکات و شێلگیرانەش هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێ و کۆسپەکان تێدەپەڕێنێ و سەرکەوتنیش هەر بۆ ئەو دەبێ و ئەوانەیشی رۆژێک لە رۆژان بوونەتە تەگەرە لە رێیدا شەرمەزاری مێژوو دەبن وەکوو ئەوانی پیش خۆیان.
گەلی کوردستان لە یادی بیست و شەش ساڵەی راپەڕیندا دووپاتی دەکاتەوە کە گەلێکی ئاشتیخوازە و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان رادەکێشێ و پابەندە بە گشت پرینسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هاوسێیەتی باش و دژی تیرۆر و رەگەزپەرستی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەوانی تردا دەوەستێتەوە...
کوردستان نیشتمانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان بووە و هەروا دەمێنێ...
دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١، لە شاری رانیەی دەروازەوە تا کەرکوکی دڵی کوردستان....
سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێی رزگاری و هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا بەخشی...
سڵاو بۆ پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان..
شکۆدار بێ یادی راپەڕین...
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ی ئاداری ٢٠١٧