هاوسه‌رگیری نێوان پیاوانی تورك و كچانی سووری زیادیكردووه‌

كچانی تورك كه‌متر هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ بیانییه‌كاندا كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

ساڵی رابردوو رێژه‌ی هاوسه‌رگیری له‌ نێوان توركه‌كان و بیانییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و عه‌ره‌به‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی زیادیكردووه‌.

له‌ ساڵی 2016 رێژه‌كه‌ له‌ چاو ساڵی 2015 زۆر زیادبووه‌، له‌و ساڵه‌دا پیاوانی تورك رێژه‌یه‌كی زیاتر له‌ كچانی سووریان ماره‌كردووه‌ و هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵدا كردوون‌، به‌گوێره‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رژمێری توركیا، هاوسه‌رگیریكردنی پیاوانی تورك له‌گه‌ڵ كچانی عه‌ره‌ب ریزبه‌ندی یه‌كه‌می له‌ هاوسه‌رگیریكردنی توركه‌كان له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان گرتووه‌.

ژماره‌ی هاوسه‌رگیری نێوان توركه‌كان و سوورییه‌كان له‌ ساڵی 2016 دا گه‌یشتووه‌ته‌ 6495 حاڵه‌ت، له‌ كاتێكدا ساڵی 2015 ته‌نها 3569 حاڵه‌ت هه‌بووه‌.

به‌گوێره‌ی ژماره‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت، پیاوانی تورك زیاتر ئاره‌زووی هاوسه‌رگیریكردن له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌ی كچانی توركه‌وه‌ كه‌ رێژه‌كه‌یان كه‌متره‌.

ساڵی رابردوو هاوسه‌رگیریكردنی توركه‌كان له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ 22583 حاڵه‌ت، به‌مه‌ش رێژه‌كه‌ی له‌ كۆی گشتی هاوسه‌رگیركردن له‌و وڵاته‌دا ده‌گاته‌ 20%، به‌و پێیه‌ش رێژه‌ی هاوسه‌رگیریكردنی پیاوانی تورك له‌گه‌ڵ كچانی بیانی 5.9% له‌ هاوسه‌رگیریكردنی كچانی تورك له‌گه‌ڵ پیاوانی بیانی زیاتره‌، چونكه‌ ته‌نها 3777 كچی تورك له‌و ساڵه‌دا هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ پیاوانی بیانیدا كردووه‌.

له‌و رێژه‌یه‌، كچانی سووریی 29% پێكده‌هێنن و له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدان، دوای ئه‌وان ئه‌ڵمانی، ئازربایجانی، رووسی و ئۆكرانی دێن.

ژماره‌یه‌كی زۆری توركیش له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژین، رێژه‌كه‌یان له‌ناو بیانییه‌كانی كه‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچانی تورك ده‌كه‌ن زۆر له‌ پێش هاووڵاتیانی وڵاتانی دیكه‌وه‌یه‌، 35.4% ئه‌و بیانیانه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچانی توركدا ده‌كه‌ن پیاوانی ئه‌ڵمانین.