كوریای باكوور 4 موشەكی بالستی تاقیدەكاتەوە

ئەمریكا و ژاپۆن و كوریای باشوور دژی دەوەستنەوە

K24 - ھەولێر

كۆریای باكوور چوار موشەكی بالستی لە كەناراوییەكانی باكووری رۆژئاوای دەریای ژاپۆن تاقیكردەوە، چەند رۆژێك پاش ئەوەی بەڵێنی توڵەكردنەوە لە مانۆرێكی ھاوبەوشی سەربازیی ئەمریكا و كۆریای باشووریدا، كە پێی وایە ئامادەكارییە بۆ شەڕ.

سوپای كۆریای باشوور رایگەیاند پیۆنگ یانگ چوار موشەكی بالستی تاقیكردووەتەوە كە مەوداكەیان دەگاتە ھەزار كیلۆمەتر و 260 كیلۆمەتریش بەرز دەبنەوە و لەوانەیە "موشەكی بالستی كیشوەربڕ" بن.

"ھەندێ لە موشەكەكان كەوتوونەتە ناو ئاو بە دووری 300 كیلۆمەتری كەناراوییەكانی باكووری رۆژئاوای ژاپۆن"، وەزیری بەرگری ژاپۆن تۆمۆمی ئیناندا گوتی.

سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن  شینزۆ ئابێ بە پەرلەمانی وڵاتەكی گۆت "ھەڵدانی ئەم موشەكانە پێشێلكردنی ئاشكرای بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە و كردەوەیەكی زۆر مەترسیدارە".

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە توندی تاقیكردنەوەی موشەكی كۆریای باكووری شەرمەزار كرد و پێداگری لەسەر بەكارھێنانی مێتودی گونجاو بە ھاوكاری ھاوپەیمانەكانی كرد بۆ ئەوەی پیشان بدات  "ھاندانەكانی" كۆریای باكوور "جێگەی قبووڵكردن" نین.

سەرۆكی كاربەرێكەری كۆریای باشوور ھوانگ كیۆ-ئاھن ھەڵدانی موشەكی كۆریای باكووری شەرمەزار كرد و گوتی "بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆی كۆمەڵی نێودوەڵەتییە و سیۆل بە خێرایی سیستەمی دژە موشەكی ئەمریكایی  دادەمەزرێنێت، سەرباری ناڕەزایەتیی و توڕەبوونی  چین".

گوتەبێژی سوپای كۆریای باشوور راشیگەیاند موشەكەكان لە ناوچەی تۆنگچانگ-ری لە  باكووری كۆریای باكوور نزیك لە سنووری چین بۆ ئاسمان ھەڵدراون و سوپای ئەمریكا كە چاودێری ھەڵدانی ئەم موشەكانەی كۆریای باكوور كردووە دەڵێت ھیچ مەترسییەكی بۆ سەر باكووری ئەمریكا نییە.

نیمچە دوورگەی كۆریا پاش شەڕی 1950-53 بۆ دوو بەشی وڵاتی باكوور و باشوور دابەشكرا و بە پراكتیك لە دۆخی شەڕدان و ھیچ رێككەوتنیكی ئاشتی نێوانیان نییە.

نزیكەی 30 ھەزار سەربازی ئەمریكا لە كۆریای باشوور جێگیركراون و ھەزارانی دیكەشی لە ژاپۆن.

JS