"هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی دیكه‌یه‌و 10 ساڵ ته‌مه‌نی بچووك بووه‌ته‌وه"
ئه‌و پیاوانه‌ی له ده‌ست حوكمی داعش رزگارده‌بن، یه‌كه‌م كارێك ده‌یكه‌ن ریشتاشینه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی دیكه‌یه و ته‌مه‌نی 10 ساڵ بچووكبووه‌ته‌وه، ئه‌مه هه‌ستی ئازادییه، قسه‌ی كه‌سێكیش نییه دوای سزادان مانه‌وه‌ی ساڵانێكی زۆر له زیندان هاتبێته ده‌ره‌وه، به‌ڵكو ته‌نها هه‌ستی كه‌سێكه دوای ساڵ و نیوێك له ده‌ست داعش رزگاربووه و توانیویه‌تی ریشی بتاشێت.
ئه‌و كه‌سه‌ش ناوی "ساڵحه"و یه‌كێكه له دانیشتوانی رۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ، یه‌كه‌م رۆژی رزگاركردنی ناوچه‌كه‌یان یه‌كه‌م كار كه كردوویه‌تی، تاشینی ریشی بووه.
له 1/6/2015 رێكخراوی داعش بڕیاریدا ریش تاشین له شاری مووسڵ به‌یه‌كجاری قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌و بڕیاره‌ش دوای ساڵێك له داگیركردنی شاره‌كه ده‌ریكرد. ئه‌و شاره‌ی دووه‌م گه‌وره‌ترینه له عێراق.

داعش به رێگه‌ی جیاجیا بڕیاره‌كه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا گشتاندووه، له رێگه‌ی وتاری مزگه‌وته‌كان و دواتر بڵاوكراوه‌ی نووسراو، له رێگه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانیان و ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان نابوون پۆلیسی "الحسبة" له سه‌ر شه‌قام و چوارڕێیانه‌كان، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی ئه‌ندامه‌كانیان له بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان.
هه‌ر ساڵح به‌و كاره هه‌ستی ئازادی ده‌رنه‌بڕیوه، زۆر كه‌سی دیكه‌ش وه‌ك ئه‌ویان كردوو و وه‌ك ئه‌و خۆشحاڵن. چونكه تاشینی ریشیان وه‌ك كۆتایی سه‌رده‌مێكی ره‌ش ده‌بینن، داماڵینی ریش و جله ره‌شه‌كانی ژنان پاش نه‌مانی ئاڵا ره‌شه‌كه‌ی داعش، هه‌ستێكه بۆیان پێناسه ناكرێت.
ئه‌و خه‌ڵكه هه‌موو كێشه‌كه‌یان ته‌نها ریشیان نه‌بووه، رۆژ له دوای رۆژ بڕیاره‌كانی داعش ژیانی تاڵتر ده‌كردن، كار گه‌یشته قه‌ده‌غه‌كردنی پانتۆڵی درێژ و ناچاركردنی خه‌ڵك بۆ نوێژكردن له مزگه‌وت و قه‌ده‌غه‌كردنی مۆسیقا، دواتر جگه‌ره‌كێشان و به‌كارهێنانی مۆبایل و ئینته‌رنێت و سه‌ته‌لایت.
بۆیه ئێستا ئه‌وانه‌ی وه‌ك ساڵح له‌و حوكم و بڕیارانه رزگاربوون، دواین یاده‌وه‌ری تاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی داعش ریشیانه و ئه‌ویش مقه‌ست و مووس و مه‌كینه‌ی پێدادێنن.