كۆمەڵگەی فەرمانگە حكومییەكانی مووسڵ كۆنتڕۆڵكرا

ھێزەكانی عێراق لە رۆژئاوای مووسڵ لە پێشڕەویدان

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی عێراق، ناوچەی فەرمانگە حكوومییەكانی موسڵییان لە رۆژئاوای شارەكە كۆنتڕۆڵكردەوە.

عەبدولئەمیر محەمەداوی گوتەبێژی ھێزەكانی بەرپەچدانەوەی خێرا و ھێزەكانی دیكەی عێراق، توانییان باڵەخانە فەرمانگە حكوومییەكان كە پێكھاتووە لە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا و فەرمانگەكانی دیكە لە رۆژئاوای شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

ئەمەش دوای شەڕێكی سەخت ھات لەگەڵ چەكدارانی داعشدا، كە لەرێگەی خۆكوژ و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان و بۆمبە چێندراوەكان بەرگری دەكرد.

دوێنێش، ھەردوو گەڕەكی مەنسوڕ و سمود، ھەروەھا چەند فەرمانگەیەك لە رۆژئاوای مووسڵ كۆنتڕۆڵكرانەوە.

رۆژی 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.