ویكیلیكس به هه‌زاران به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ی نهێنی CIAى ئه‌مه‌ریكا بڵاوده‌كاته‌وه
"بۆ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كاره‌ساته"
K24 - هه‌ولێر:
ويكيليكس به هه‌زاران به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ی ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا CIAى بڵاوكرده‌وه، كه تایبه‌ت بووه به كاری سیخوڕی و هه‌واڵگری ئینته‌رنێت و ئه‌و ئامرازه ئه‌لیكترۆنییانه‌ی ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه، بۆ "سیخوڕیكردن" به‌كارییان ده‌هێنێت.
وه‌ك ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشیه‌تید پرێس ئاماژه‌ی بۆ كردووه، تا ئێستا به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ویكیلیكس پێشتر به هه‌زاران به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئه‌و ئاژانسه راشیگه‌یاندووه، له ئه‌گه‌ری پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بردنی ئه‌و رێژه زۆره‌ی به‌ڵگه‌نامه و دۆكیومێنتی ئه‌و دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌ن ویكیلیكس و هاوپه‌یمانه‌كانی، ئه‌وا ده‌بێته "كاره‌سات" بۆ سه‌ر ته‌واوی دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
ماڵپه‌ڕی ویكیلیكسیش بڵاویكردووه‌ته‌وه، بۆ یه‌كه‌مجاره رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی سی ئای ئه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بڵاوبكرێته‌وه و ئه‌وجاره‌ش له‌ژێر ناوی "ژێرزه‌مینی 7 – Vault 7" زانیارییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌و زانیارییانه، نزیكه‌ی 8761 فایل و به‌ڵگه‌نامه‌ن و له تۆڕێكی "یه‌كجار نهێنی و پارێزراوی" ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، شاردراونه‌ته‌وه.
ئه‌م وێبسایته ئه‌وه‌ش ئاشكراكردووه، كه ئێستا سی ئای ئه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كۆنتڕۆڵی به‌شێكی زۆر له ئامرازه‌كانی "هاك"ی له‌ده‌ستداوه، به‌تایبه‌تیش "ماڵوێیر، ڤایرۆس و ترۆجان" و جۆره‌كانی دیكه‌ی هاككردنه ئه‌لیكترۆنییه‌كان.