بۆسه بۆ تره‌مپ داده‌نرێت
شه‌ڕێكی دیكه‌ی یاسایی دژی بڕیاره نوێیه‌كه‌ی به‌رێوه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هیواداره جارێكی دیكه بڕیاره‌كه‌ی كه بۆ رێكخستنی كۆچ و په‌نابه‌ران ده‌ریكردووه، رووبه‌ڕووی كێشه‌ی یاسایی نه‌بێته‌وه و دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری ره‌نجه‌كه‌ی به خه‌سارنه‌ده‌ن، به‌ڵام نه‌یارانی سێره‌یان لێگرتووه و ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان ئاماده‌ی شه‌ڕی شكستپێهێنانی بڕیاره نوێیه‌كه‌یین.
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیاره نوێیه‌كه، كه به بیانووی " پاراستنی گه‌لی ئه‌مریكا له تیرۆریسته بیانییه‌كان" رۆژی دووشه‌ممه ده‌ركرا، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ناوداری ئه‌مریكی كه به‌رگریكری له مافی سڤیله‌كان ده‌كات، یه‌كسه‌ر درووشمی " ئێمه چاوه‌روانتین له دادگا" یان به‌رزكرده‌وه.
كۆپی نوێی بریاره نوێیه‌كه كه له رۆژی 16/3/2017 جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌ندێك روونكردنه‌وه و ئاماژه‌ی روونتری تێدایه، كه له بڕیاره‌كه‌ی پێشوویدا نه‌بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش توڕه‌یی و نیگه‌رانییه‌كانی زیاتركرد، ئه‌وكاته‌ی رۆژی 27/1/2017 بلاوكرایه‌وه.
عێراق، هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌م بریاره‌دا له لیسته‌كه ده‌رهێنراوه، ئیدی هاووڵاتیانی عێراقی كێشه‌ی گه‌شتكردنیان بۆ ئه‌مریكا نییه و ده‌شتوانن ڤیزای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وه‌ربگرن. چونكه له بڕیاره‌كه‌ی پێشوودا له ریزی ئه‌و 7 وڵاته زۆرینه موسڵمانه‌دا بوو كه تا 90 رۆژ بۆیان نه‌بوو بچنه ئه‌و وڵاته و ڤیزا وه‌ربگرن، ئه‌و بریاره‌ش دادگای فیدراڵی رایگرت.
به‌ڵام ته‌نها ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له بڕیاره نوێیه‌كه‌دا كراوه، ئاوی به ئاگری دڵی نه‌یارانی تره‌مپدا نه‌كردووه، ئه‌وان بڕیاره نوێیه‌كه‌ش وه‌ك جیاكاری و دژه پره‌نسیپه‌كانی وڵاته زلهێزه‌كه ده‌بینن، هێشتا باوه‌ڕیان به بڕوبیانووه‌كانی تره‌مپ نییه.
بیڵ دی بلازیۆ، سه‌رۆكی شاره‌وانی نیویۆرك ده‌رباره‌ی بڕیاره نوێیه‌كه‌ی تره‌مپ گوتوویه‌تی" ئه‌میش جیكاری و ره‌گه‌زپه‌رستییه".
وه‌زیری دادی ویلایه‌تی واشنتۆن ناوی "بۆب فێرگسۆن"ه و سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری بڕیاری یه‌كه‌می تره‌مپ بوو، ده‌ڵێت، بڕیاره نوێیه‌كه پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی زۆری تیدایه، ئێمه لیكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین تا بزانین چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ویلایه‌ته‌كه‌مان ده‌بێت، چونكه كۆمپانیای زۆر گه‌وره هه‌ن بیانییه‌كانیان دامه‌زراندووه، وه‌ك كۆمپانیای ئه‌مازۆن.
بۆیه هێشتا بریاره نوێیه‌كه ئاسۆی ژیانی هه‌میشه‌یی له روو هه‌ڵنه‌هاتووه، له‌وانه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر شه‌قام هه‌رای نه‌نابێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌توانن به یاسا بیوه‌ستێنن، هێشتا بۆ سه‌رۆكه پیره ملیاردێره‌كه له بۆسه‌دان.