"پیاوێكی بێ عه‌قڵه"
ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور بێ ئومێده
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مریكا له‌و بانگه‌شانه‌ی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور ده‌كرێت به‌گومانه و "كیم جۆنگ ئون" سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته به كه‌سێك وه‌سفكردووه كه به‌شێوه‌یه‌كی عاقڵانه هه‌ڵسوكه‌وت ناكات و به‌دووری ده‌زانن وه‌ڵامی هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی دیپلۆماسی بۆ گفتوگۆ بداته‌وه.
نیكی هایلی باڵیۆزی ئه‌مریكا له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند" له دانیشتنێكی داخراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه مووشه‌كییه‌كانی، پیۆنگ یانگ گفتوگۆكراوه" ئێمه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی بێ عه‌قڵ مامه‌ڵه ناكه‌ین".
باڵیۆزه‌كه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به داواكارییه‌كه‌ی چین كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ گفتوگۆ و گووتی" ئه‌گه‌ر هه‌ر وڵاتێكی دیكه بوایه، گفتوگۆمان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه پرسه‌كه وه‌ك ئێستا سه‌خت و ئاڵۆز نه‌ده‌بوو".
ئه‌و باڵیۆزه‌ی ئه‌مریكا سه‌رۆكی كۆریای باكووریشی به پیاوێك ناوبردووه كه هه‌ڵسوكه‌وتی بێ عه‌قڵانه ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی روون بیرناكاته‌وه".
هه‌روه‌ها گووتی" ئێمه چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ كۆریای باكووردا بۆ داهاتوو هه‌ڵده‌سه‌نگێنین تا بزانین ده‌توانین چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین".