ژمارەی چەكدارانی داعش لە نێو مووسڵ ئاشكرا كرا

پێنتاگۆن زانیاری لەبارەی ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا ئاشكرا دەكات

K24 - ھەولێر

بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، ئێستا نزیکەی 15ھەزار چەکداری داعش لەعێراق و وسووریا ماونەتەوە، ھەروەھا ژمارەی چەكدارانی داعش لە نێو مووسڵ نزیكەی لە ئێستادا نزیكەی سێ ھەزار كەس دەبێت.

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پێنتاگۆن كەوتووە، ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئێستا نزیکەی 15 ھەزار چەکدار ماونەتەوە.

ھەروەھا ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە ئاشکرایان کردووە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان دوو بۆ سێ ھەزار چەکداری داعش لەنێو مووسڵ ماونەتەوە و لە شاری رەقەش نزیکەی چوار ھەزار چەکداری داعشی تێدایە.

ئەم ژمارە نوێیانەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی سی ئای ئەی لەساڵی 2015 رایگەیاندبوو کە ژمارەی چەکدارانی داعش لەعێراق و سووریا نزیکەی 31 ھەزار چەکداربوون.