دادگا سەرۆكی كۆریای باشوور لە پۆستەكەی دوورخستەوە
تومەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل و دەستێوەردانی كەسە نزیكەكانی لە كاروباری سیاسی و ئابووری
K24 - ھەولێر
دادگای دەستووری كۆريای باشوور سەرۆكی وڵات، پارك گون بە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر كارەكەی لادا كە پێشتر دەستیوەردانە سیاسی و ئابوورییەكانی ئاشكرا كرابوو.
دادگا لە دوایین بڕیاری، رای پەرلەمانی وڵاتەكەی بۆ لەسەر كار لادانی سەرۆك پەسند كرد، كە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، پاش چەندین خۆپیشاندانی بەرفراوان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر كار لادانی درا، ھەرچەندە زۆرینەی پەرلەمان سەر بە ھاوپەیمانی ئەویش بوو.
پارك یەكەم سەرۆكی كۆریای باشوورە لە ھەڵبژاردنێكی دیموكراتیكدا ھەڵبژێردرا، بەڵام لەسەر كارەكەی لادرا. ئاشكرابوونی دەستێوەدانی بەرفراوانی ھاورێیان و راوێژكارێكی پێشووی لە كاروباری سیاسی و ئابووری ناڕەزایەتییەكی سەرتاسەری لێكەوتەوە و بە سەدان ھەزار كەس رژانە سەر شەقامەكان و لە ھەندێ شوێن وڵات ئیفلیج بوو و بووە ھۆی زیندانیكردنی بەڕێوەبەری كۆمپانیای سامسونگ. پارتی پارێزگاری سەرۆكی كۆریا نەیتوانی بەرامبەر گوشارەكان بەرگری بكات و لە پەرلەمان متمانەی لێسەندرایەوە.
ھاوكات لایەنگرانیشی بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆی لە سەرۆك رژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بڕیاری دادگا دەربڕی.
بە لێسەندنەوەی متمانە وەك كاربەرێكەر كارەكەی جێبەجێ دەكرد و پارێزبەندیش ھەبوو، بەڵام بە بڕیاری دادگا بە یەكجاری لەسەر كارەكای لادرا و پارێزبەندیش لەسەری ھەڵگیرا.

سەرۆك وەزیرانی كوریای باشوور تا ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كاروبارەكانی سەرۆك رادەپەڕێنێت كە پێویستە تا دوو مانگی دیكە ھەڵبژاردن بكرێت.
سیستەمی حوكمڕانی كۆریای باشوور سەرۆكایەتییە و سەرۆك بۆ ماوەی پێنج ساڵ ھەڵدەبژێردرێت.
پارك گون سەرۆكی لەسەر كار لادراوی كۆریای باشوور 65 ساڵی كچی دیكتاتۆری پێشووی وڵاتەكەیە و بە یاوەری ھاورێییەكی خۆی و راوێژكارێكی پێشووی تۆماتبارە بە گوشار خستنە سەر كۆمپانیا گەورەكان بۆ وەرگرتنی یارمەتی دارایی بۆ دوو دامەزراوەی تایبەتیی خۆی.
پارك بە داواكردنی بەرتیل لە بەڕێوەبەری كۆمپانیای سامسونگ بۆ بەرژەوەندی حكومەت تۆمەتبار كراوە، لەوانە تێكەڵكردنی دوو بەشی سەر بە سامسونگ لە كۆمپانیایەكدا.
سەرۆكی لەسەر كار لادراو ئەنجامدانی ھەر جورە كارێكی ھەڵە رەتدەكاتەوە.
JS