مایكل فلین لە بەرژەوەندیی توركیا كاری كردووە
زیاتر لە 500 ھەزار دۆلاری وەرگرتووە
K24 - ھەولێر
كۆشكی سپی خۆی لە پەیوەندیی نێوان راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی مایكل فلین لەگەڵ توركیا بێ بەری دەكات و دەڵێت شتێكی تایبەتە بە خودی ئەو.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە فلین لە بەرامبەر زیاتر لە 500 ھەزار دۆلار لە ماوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی حكومەتی توركیا كاری كردووە و راوێژیشی پێشكەش بە ترەمپ كردووە.
گوتەبێژی كۆشكی سپی شۆن سپایسەر لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەمبارەوە گوتی ئەوە كارێكی تایبەتی و پەیوەستە بە خودی فلین.
ھەر لە وەڵامی ئەوەی كە ترەمپ زانیوە فلین بۆ حكومەتی توركیا كاری كردووە، گوتی ئاگای لێ نەبووە و دوو رۆژ بەر لە ئێستا زانیوە.
ھەندێ لە نوێنەرانی ئەمریكا پرسیاری پەیوەندیی نێوان فلین و حكومەتی توركیایان كردبوو پێش ئەوەی ترەمپ سوێنی یاسایی بخوات و بە فەرمی ببێتە سەرۆك. چەندین جاریش باسیان لە پەیوەندی فلین لەگەڵ توركیایان كردبوو و لە چەندین بابەتیش بڵاویان كردبووە ئەمریكا لە سەردەمی ترەمپ پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ ئەردۆغان دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ مانگی شوباتی رابردوو داوای لە مایكل فلین كرد دەست لە پۆستەكەی ھەڵگرێت، پاش ئەوەی لەبارەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر روسیا لەگەڵ باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە واشنتۆن كۆبووەوە، لە كاتێكدا ھێشتا باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا بوو.
لە لایەكی دیكەوە كەناڵی RT بڵاوی كردەوە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی پەیوەندی مایكل فلین بە گروپەكانی لۆبیی توركیا بە كەناڵی فۆكس نیۆزی راگەیاند دروستی بڕیاری سەرۆك لەبارەی لەسەر كار لادانی پیشان دەدات.
فلین جەنراڵی خانەنشینكراو كۆمپانیایەكی لە وەزارەتی دادی ئەمریكا تۆمار كردبوو كە چوارچێوەی كارەكەی پێكھێنانی لۆبی لە بەرژەوەندی توركیا بووە، بەڵام بەر لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە تشرینی دووەمی 2016 كارەكەی لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە راگرت.
پێشتر كۆمپانیای فلین بۆ راوێژكاری، كۆنگرێسی ئەمریكای ئاگادار كردبووە لە كاركردنی لەگەڵ كۆمپانیایەك لە ھۆلەندا كە خاوەنەكەی بازرگانێكی توركە، بەڵام لەمبارەوە ھیچ بەڵگەیەكی پێشكەش بە وەزارەتی داد نەكردبوو.
سەرچاوە: huffington post
JS