منداڵان قوربانی یه‌كه‌می جه‌نگه‌كانن

ھێشتا دنیا بەو جۆرەی لێنەھات كە منداڵەكان تیایدا ھەست بە ئارامی بكەن

K24 - هه‌ولێر:

قوربانیانی یەكەمی جەنگ منداڵانن، ئەوان لەگەڵ ئەوەی ھیچ دەستێكیان لە درووستكردنی جەنگدا نییە بەڵام گەورەترین زەرەرمەندی ئەو كارەن. لەمبارەیەوە چەندین منداڵ ھەبوون كە لە جەنگە جیاوازەكاندا بوونەتە مانشێتی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان. لەم راپۆرتەدا گرینگترینیان باس دەكەین.

سەدەی بیست پڕبوو لەو وێنانەی كە پێیان گوتین ھێشتا مرۆڤ نەبووەتە ئەو بوونەوەرەی كە جێگەی ڕێزە ، یەكێك لە دیارترین كارەساتەكانی ئەو سەدەیە بۆمبارانی ھێرۆشیما و ناكازاكی بوو دوو شار كە تیایدا بە سەدان ھەزار كەس بوونە قوربانی.

جەنگ تەواوبوو و ئومێد وابوو كە چیدیكە ھێرۆشیما و ناگازاكی دووبارە نەبنەوە بەڵام ئەم جارە جەنگی سارد دەستی پێكرد و جەنگی ڤێتنامیش یەكێك بوو لە دەرھاویشتەكانی ، ئەو جەنگەش چەند دیمەنێكی جەرگبڕی بۆ گواستینەوە كە ناودارترینیان ئەو دیمەنانە بوو كە لە كاتی بۆمبارانكردنی گوندێك بە چەكی ناپاڵم گیرا و دوو بارە منداڵەكان بوونەوە قوربانی.

بەڵام ھێشتا دنیا بەو جۆرەی لێنەھات كە منداڵەكان تیایدا ھەست بە ئارامی بكەن ئەم جارەیان لە ھەڵەبجە و لە ئەنجامی كیمیاباراندا دیمەنی عومەری خاوەر و كۆرپەكەی ئەوەی بیرھێناینەوە كە ھێشتا زووە بیر لە مافی مرۆڤ بكرێتەوە.

سەدەیەكی نوێ دەستی پێكرد و مرۆڤ پێی نایە نێو ھەزارەیەكی نوێوە ھەندێك دەیانگوت سەردەمێكی نوێ ھاتووە و ئیدی بیركردنەوە لە جەنگ جگە لە عەیبەیەك ھیچی دی نییە ، بەڵام جەنگ ھەر ئامادەبوو و وەك مۆتەكەیەك دووبارە ھاتەوە خەونی منداڵان حەمزە خەتیب یەكەم قوربانی جەنگی سووریا بوو دوای حەمزەش ئەم جارە ئالان بوو بە قوربانی ، منداڵێك كە تەنھا تەمەنی سێ ساڵ بوو ئالان و براكەی ویستیان لە مەرگ ھەڵێن بەڵام مەرگ ھەر یەخەی گرتن.

دوای ئالان منداڵەكان ھەر خەو نەبووە میوانیان عومران قوربانییەكی نوێی جەنگ بەڵام رەنگە بەختەوەرترینیان بێ چونكە مەرگ عومرانی نەگرتەوە ، شەش ساڵە جەنگ لە وڵاتەكەی عومران بەردەوامە و عومرانی تەمەن 6 ساڵ نازانێ ئاخۆ پێویستە چەندی دیكە بژی تا ئاشتی ببینێت.

عومران خەونی ئەوەیە ببێتە فڕۆكەوان, بەڵام نایەوێت فڕۆكەكەی وەك خۆی منداڵان بكاتە قوربانی, رەنگە منداڵەكەی باوەشی عومەری خاوەریش گەر لە ژیاندا بمایە ئێستا پزیشك یاخود مامۆستا بوایە.

بەڵام ئاخۆ جیھان پێویستی بە چەند جەنگی دیكەیە تا عومران و ئالان و ھاوشێوەكانیان نەبنە قوربانی؟