ئه‌م گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ته‌واوی زانایانی شۆك كردووه‌.. تا ئێستا شتی له‌و جۆره‌ نه‌بینراوه‌

ئاژه‌ڵێكی باجه‌ڕ چێڵێك ده‌خاته‌ ژێر خاك

K24 - هه‌ولێر:

له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا، كه‌ توێژه‌ران له‌ زنكۆی یوتای ئه‌مه‌ریكا بڵاوییانكردووه‌ته‌وه‌، ئاژه‌ڵێك كاتێك چێڵێكی مرداربوو ده‌بینێت، جێی ناهێلێت تاكو به‌ ته‌واوی نه‌یخانه‌ ژێر خاك.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و "غوره‌یره‌"، له‌ هه‌ر چوارلای چێڵه‌كه‌ دێت و ده‌چێت و خۆڵی ژێر ده‌رده‌هێنێت، تاكو به‌ ته‌واوی چاڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كه‌نێت.

كاتێك ده‌بینێت چاڵه‌كه‌ جێگه‌ی چێڵه‌كه‌ی تێدا ده‌بێته‌وه‌، ئینجا خۆڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌وه‌ سه‌ری، تاكو به‌ ته‌واوی دایده‌پۆشێت و ئه‌و كاره‌ش پێنج رۆژی خایاندووه‌، ئینجا راده‌وه‌ستێت و سه‌یری كامێرا چاودێرییه‌كه‌ ده‌كات.

زانایان و توێژه‌رانی زانكۆی یوتا سه‌رسامی خۆیان له‌ هه‌ڵسووكه‌وتی ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ نیشانداوه‌ و رایانگه‌یاندووه‌، تا ئێستا هه‌ڵسووكه‌وتی له‌و جۆره‌یان له‌ هیچ ئاژه‌ڵێكی دیكه‌ نه‌بینیوه‌، گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ش، به‌هۆی كامێرای چاودێری، له‌ بیابانی "گرێت بایسن"ی ئه‌مه‌ریكا تۆمار كراوه‌.

زانایان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌، به‌ ئینگلیزی پێیده‌گوترێت "باجه‌ڕ" به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ئاژه‌ڵی بچووك بخاته‌ ژێر خاك، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانبینیوه‌ گیانه‌وه‌رێكی به‌ قه‌د چێڵێك به‌م شێوه‌یه‌ بشارێته‌وه‌.