ئه‌ردۆغان: هۆڵه‌ندییه‌كان بێ تهربییهتن
سووكایه‌تی به شارستانییه‌تی هۆڵه‌ندییه‌كان ده‌كات
K24 هه‌ولێر
سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هۆڵه‌ندییه‌كان "بێ ته‌ربییه‌ت" به‌ناو ده‌كات و به توندیشی هێرش ده‌كاته سه‌ر شارستانییه‌تی ئه‌وان.
ئه‌ردۆغان له كاتی به‌شداریكردنی له پرۆگرامێكی تایبه‌ت به قوربانیانی كوده‌تای 15 ته‌موزی 2016 به توندی ره‌خنه‌ی له هۆڵه‌ندا گرت و به‌هۆی رێگه‌نه‌دان به نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و دیپۆرتكردنه‌وه‌ی وه‌زیری كاروباری خێزان و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌كه‌ی، هۆلهندییهكان به "بێ ته‌ربییه‌ت" به‌ناو كرد.
رۆژی 11 ئاداری رابردوو، وەزیری كاروباری خێزان و كۆمەڵایەتی توركیا فاتما بەتول سایان كایا بە رێگەی وشكایی لە ئەڵمانیاوە گه‌یشته ھۆڵەندا، بەڵام پۆلیسی ھۆلەندا لە نزیك كونسوڵخانەی توركیا لە رۆتێردام ئۆتۆمبێلەكەی راگرت و سەرباری ناڕەزایەتییەكانی بەرپرسانی توركیا، دیپۆرت كرایەوە.
هه‌ر پێش ئه‌م رووداوه، ھۆڵەندا رێگەی بە نیشتنەوەی فڕۆكەی وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئۆغلو نەدا بۆ ئه‌وه‌ی بەشداری لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ رەوندی توركی بكات بۆ پشتگیریی ریفراندۆمی دەستوور و به ناچاری له فڕه‌نسا نیشته‌وه و دواتر بۆ توركیا گه‌ڕایه‌وه.
ئه‌ردۆغان له‌م باره‌وه گوتی "خه‌باتی سه‌ره‌كیمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پشت په‌رده‌یه و ئه‌گه‌ر رێگه به نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌مان ناده‌ن و وه‌زیری كاروباری خێزان و كۆمه‌ڵایه‌تیمان به مانه‌وه له‌ناو ئۆتۆمبێل مه‌حكوم ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ن باسی مافی ژنان ده‌كه‌ن، ئه‌و بێ تهربییهتانه به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل خانمێك كرد، ئه‌وانه خاوه‌ن شارستانییه‌ت نیین و شارستانییه‌تی ئه‌وان، ته‌نیا مانه‌وه‌ی ددانی ئاژه‌ڵه".