چه‌قۆ له‌سه‌ر ملی ریفراندۆمه‌كه‌ی توركیایه
ده‌نگێ "به‌ڵی" و "نا" شان له شانی یه‌كتر ده‌ده‌ن
K24 – هه‌ولێر
به‌پێی دوایین راپرسییه‌كانی له باره‌ی ریفراندۆمی ده‌ستووری توركیا ده‌نگی "نا" و "به‌ڵێ" شان له شان یه‌كتر ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌نگی "نا" به جیاوازییه‌كی زۆر كه‌م له پێش و چاره‌نووسی ریفراندۆمه‌كه له ده‌ست ئه‌وكه‌سانه دایه كه هێشتا بڕیاریان نه‌داوه.
رۆژنامه‌ی جمهوورییه‌تی توركی بڵاویكرده‌وه هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له واده‌ی ریفراندۆمی ده‌ستووری توركیا، به‌رپرسانی سێ كۆمپانیای راپرسی راده‌گه‌ینن ده‌نگی "نا" و "به‌ڵێ" زۆر له یه‌كتر نزیكن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دامه‌زراوه‌ی ئانار، ئیبراهیم ئوسلو رایگه‌یاند "كه‌مپینی نا له ئاستێكی باشتر دایه به‌رامبه‌ر كه‌مپینی به‌ڵێ".
سه‌رۆكی كۆمپانیا سونار، هاكان بایراكچی له‌مباره‌وه ده‌ڵێت "مه‌ترسی تاكڕه‌وی (ده‌سه‌ڵاتی یه‌ك كه‌س) كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ده‌نگده‌ران هه‌یه و پێشبینی رێژه‌ی 51% بۆ ده‌نگی نا ده‌كه‌م".
موراد گه‌زیجی سه‌رۆكی سه‌نته‌ری گه‌زیچی بۆ توێژینه‌وه و راپرسی له لایه‌ن خۆیه‌وه گووتی "به پێی راپرسییه‌كانمان 53.3% به به‌ڵێ ده‌نگ ده‌ده‌ن و 46.7% به نا ده‌نگ ده‌ده‌ن".
ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر كوده‌تای 15 ته‌موز نه‌بوایه، ده‌نگی نا بۆ 65% به‌رز ده‌بووه، كه پاش كوده‌تا ئه‌ردۆغان وه‌ك سه‌رۆك متمانه‌یه‌كی زۆری به‌ده‌ستهێنا.
به‌رپرسانی هه‌ر سێ كۆمپانیای راپرسی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌وانه‌ی بڕیاریان نه‌داوه، چاره‌نووسی ریفراندۆمه‌كه یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ردۆغان بۆ خۆیشی رۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت.
له لایه‌كه‌وه ترس له دروستبوونی تاكه بڕیارده‌ر، كه له توركیا به ده‌سه‌ڵاتی "یه‌ك كه‌س" ناسراوه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زۆرێك له كه‌سانی بێ لایه‌ن به ده‌نگی نا به‌شداری له راپرسییه‌كه‌ی ده‌ستوور بكه‌ن و به‌رێوه‌به‌رانی كه‌مپینی نا زۆر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن نابێت وڵات راده‌ستی تاكه‌كه‌سێك بكرێت و هه‌ر كاتێك پێی خۆش بێت، بڕیاری شه‌ڕ یان هه‌ر بڕیارێكی دیكه‌ی گرنگ و چاره‌نووسساز بدات.
له لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان و ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه له ناو خه‌ڵكدا هه‌یه و به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ سه‌رانی حزبه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌تی به‌هۆی كوده‌تای 15 ته‌موزی 2016 یارمه‌تیده‌رێكی سه‌ره‌كین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگێ به‌ڵی بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ی ده‌ستووری توركیا كه بڕیاره رۆژی 16 ئه‌م مانگه به‌رێوه بچێت.
به‌رپرسانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌پێدان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و وڵاتانی ئه‌وروپا، ده‌نگی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ی ده‌ستوور به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌تی زۆرێك له توندره‌وه‌كانی توركیا پشتگیری هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر ئه‌وروپا ده‌كه‌ن.