ئه‌ردۆغان: ئه‌گه‌ر "تيرۆريستانى په‌كه‌كه" چه‌ك دانه‌نێت باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ن
ئه‌گه‌ر په‌ند له ئيتاى جياخوازى ئيسپانيا وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا مافى ژيانى نييه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، "وڵاته‌كه‌ى سووره له‌سه‌ر به‌رده‌واميدان به له‌ناوبردنى رێكخراوى په‌كه‌كه‌ى تيرۆريست تا كۆتايى و ئه‌گه‌ر په‌ند له ئيتاى جياخوازى ئيسپانيا وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا مافى ژيانى نييه".
ئه‌ردۆغان له ناوچه‌ى كارتاڵى به‌شه ئاسيايهكهى ئه‌سته‌نبوڵ بۆ لايه‌نگرانى وتارێكى ئاراسته كرد و تێيدا گوتى: "ئه‌گه‌ر تيرۆريستانى په‌كه‌كه چه‌ك دانه‌نێت، لهسهريانه ئه‌م خاكه بهجێبهێڵن، ناتوانين له‌وه زياتر به‌رگه بگرين، لهسهريانه كه باجى ئه‌وه بده‌ن".
هه‌فته‌ى پێشوو رێكخراوى ئيتاى جوداخوازى هه‌رێمى باسكى ئيسپانيا كه له ريزى رێكخراوه تيرۆريسته‌كانى يه‌كێتى ئه‌وروپايه، چه‌كى دانا و خۆى راده‌ستكرد.
ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ى به نيگه‌رانى هه‌ندێك وڵاتى ئه‌وروپايى كرد و گوتى: بێزارى ئه‌وان له هه‌ڵوێستى گه‌ل له باره‌ى راپرسييه‌وه سه‌رچاوه‌ى نه‌گرتووه، به‌ڵكو له‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، كه توركيا له دژى تيرۆريستانى په‌كه‌كه ئه‌نجاميده‌دات.
سه‌رۆكى توركيا گوتيشى: پرۆسه سه‌ربازيى و ئه‌منييه‌كانى بيست مانگى رابردوو، بوونه‌ته هۆى له‌ناوبردنى 11 هه‌زار تيرۆريست و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ش هه‌ندێك وڵاتى ئه‌وروپايى نيگه‌ران كردووه.
بڕياره سبه‌ى ده‌نگده‌رانى تورك روو له سندوقه‌كانى ده‌نگدان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگ به گۆڕانكارييه‌كانى ده‌ستوورى توركيا بده‌ن، كه به هۆيانه‌وه سيستمى په‌رله‌مانى له توركيا ده‌گۆڕن بۆ سه‌رۆكايه‌تى.