لاڤرۆڤ: دژى هه‌وڵه‌كانى گۆڕينى ئه‌سه‌د ده‌وه‌ستينه‌وه‌

وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌نگارى هه‌ر هه‌وڵێك ده‌بێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا سێرگى لاڤرۆڤ رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌نگارى هه‌ر هه‌وڵێك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بدرێت بۆ گۆڕينى ده‌سه‌ڵات له‌ سووريا.

له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، لاڤرۆڤ روونيكرده‌وه‌، رووسيا ماوه‌يه‌كه‌ هه‌ست ده‌كات هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى پێچ و خول ده‌ده‌ن به‌ ده‌ورى بڕيارى 2254ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى له‌ باره‌ى چاره‌سه‌رى سياسى قه‌يرانى سووريا و ده‌يانه‌وێت پرسه‌كه‌ بهێننه‌وه‌ سه‌ر گۆڕينى ده‌سه‌ڵات.

گوتيشى: ئێمه‌ رووبه‌ڕووى هه‌ر هه‌وڵێك ده‌بينه‌وه‌ كه‌ بدرێت بۆ گۆڕينى ده‌سه‌ڵاتى سووريا و بڕواشمان وايه‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى له‌و بڕياره‌ى خۆى پاشگه‌ز نابێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ سياسه‌تى ئه‌مريكا، لاڤرۆڤ گوتى: ئێمه‌ له‌و بڕوايه‌داين ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت سه‌رنج له‌سه‌ر گۆڕانى سياسه‌تى له‌ سووريا لابه‌رێت، له‌ رێى بانگه‌شه‌ كردن بۆ هه‌بوونى په‌يوه‌ندى نێوان رووسيا و بزووتنه‌وه‌ى تاڵيبان.