داعش 15 كهس له سێداره دەدات
داعش بە بەركردنی یۆنیفۆرمی پۆلیسی فیدراڵ فێل لە دانیشتوانی موسڵ دەكات
K24 - ھەولێر
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند داعش 15 كەسی لە سێدارە داوە، پاش ئەوەی چەكدارانی، جلوبەرگی پۆلیسی فیدراڵیان لەبەر كرد، دواتر ھاووڵاتیان بە دیتنیان خۆشحاڵ بوون و بە گەرمی پێشوازییان لێكردن. بەڵام چەكدارانی داعش تەقەیان لەو خەڵكە كرد و 15 كەسیان لێكوشتن و ھەندێكیان ژن و منداڵن.
ھێزەكانی عێراق لە پێشڕەوییەكانیان لە رۆژئاوای موسڵ، شارە كۆنەكەیان ئابڵۆقە داوە، بەڵام بەھۆی چڕی دانیشتوانی و تەسكبوونی شەقامەكانی سەركەوتنی كەمیان بەدەستھێناوە و ناتوانن زرێپۆشەكانیان لە شەقام و كۆلانە تەسكەكانی شاری كۆنی موسڵ بەكاربێنن.
ھێزەكانی عێراق رۆژی 19 شوباتی رابردوو دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی رۆژئاوای موسڵ كرد و لە رۆژانی سەرەتادا فڕۆكەخانەی موسڵیان كۆنترۆڵكرد.
مزگەوتی نوری لە شاری كۆنی موسڵ ھەڵكەوتووە، ئەو مزگەوتەی رێبەری داعش، ئەبوبەكر بەغدای لە ساڵی 2014 بە پێشكەشكردنی گوتارێك لەم مزگەوتە، خلافەتەكەی راگەیاند. كۆنترۆڵكردنەوەی ئەم مزگەوتە ئامانجیكی سەرەكی ھێزەكانی عێراقە.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھێزە كوردستانی و عێراقییەكان دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری موسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵات كۆنترۆڵكرد و رێگەیان كردەوە بۆ چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراق بۆ ناو شاری موسڵ.