روانینی پیاوان بەرامبەر رۆڵی ژنان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست

زۆرێك لە پیاوان پێیان وایە شوێنی ژنان ماڵە

K24 - ھەولێر

بە پێی راپرسییەك لە ھەندێ وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا روانینی پیاوان لە بارەی بەرامبەری نێوان ژن و مێرد و رۆڵی ژنان لە ماڵ و شوێنی كار و بەشداری كۆمەڵایەتیی ئەوان لەگەڵ روانینی ژنان زۆر جیاوازە، بەتایبەتی لەگەڵ ژنانی گەنج.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیان، روانینی نزیكەی 10 ھەزار كەس لە تەمەنەكانی 18 بۆ 59 ساڵی لە ھەر یەك لە وڵاتانی میسر، لوبنان، مەغریب و فەڵەستین لە بارەی رۆڵی ژنان وەرگیراوە، كە روانینی نزیكەی تەواویان روانینێكی نەرێتییە.

زۆربەی پیاوانی بەشدارانی ئەم راپرسییە پێیان وایە ژنان توانایی بەڕێوەبردنیان نییە، نابێت لە دەرەوەی ماڵ كار بكەن و خوێندنی كوڕان لە خوێندنی كچان گرنگترە.

لە میسر، زیاتر لە 90% پیاوەكانیان لەگەڵ ئەو قسەیەدان كە "پێویستە پیاو دوا قسە لە ماڵ بكات". ھەروەھا  68% ژنانی میسر لەگەڵ ئەو پرسەدان.

%75 ژنانی میسر پێیان وایە ژنی شووكراو پێویستە مافی یەكسانی لەگەڵ پیاو ھەبێت بۆ كاركردن، تەنھا 31% پیاوانی میسر لەگەڵ كاركردنی ژنەكانیانن لە دەرەوی ماڵ.

روانینی ژنان و پیاوانی مەغریب، فەڵەستین و لوبنانی جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ میسرییەكان نییە بۆ رۆڵی ژنان.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، روانینی ژنانی گەنجە كە بە شێوەیەكی زیاتر پێداگری لەسەر گرنگی رۆڵی ژنان و بەرامبەری زیاتری نێوان ژنان و پیاوان بۆ كار و ھاوبەشی دەكەن.