وەزارەتی ناوخۆ: تا سبەی دانانی پارێزگارێكی دیكە بۆ سلێمانی یەكلایی دەكرێتەوە
"ھەموو دەسەڵاتێك بە سەردار قادر درابوو"
K24 - ھەولێر
وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت تا سبەی دانانی پارێزگارێكی دیكە بۆ سلێمانی یەكلایی دەكرێتەوە، ئەگەر بە رێككەوتنی سیاسی ئەو بابەتە چارەسەر نەكرێت ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ بنەما یاساییەكان و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوێنێ دەست لەكاركێشانەوەی سەردار قادرمان پێگەێشتووە، پێشكەشی وەزیری ناوخۆمان كردووە، چاوەڕێین جەنابیان رەزامەندی لەسەر بدات، بەپێی یاسا سەردار قادر كاربەڕێكەری پارێزگای سلێمانی بوو، پێشتر ئاسۆ فەریدون پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی بۆ ماوەی ساڵێك وەرگرتووە، پێویستە ئەو بۆشاییە كارگێڕییە پڕبكرێتەوە و جێگرەكەی دیكەی پارێزگار بۆ بەڕیوەبردنی كارەكانی رابسپێردرێت".
گوتیشی: "راست نییە كە دەسەڵاتی تەواو بە سەردار قادر نەدرابێت، پێشتر سەردار قادر سەردانی وەزارەتی ناوخۆیی كرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كۆبووەوە، كۆمەڵێك داواكاری ھەبوو وەزیری ناوخۆ رەزامەندی لەسەر دەربڕی و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كران بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، بەپێی بەییانی ژمارە 12 كە لەساڵی 2016 دەرچووە ھەموو پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان وەك یەك دەسەڵاتیان ھەیە، سەردار قادر كە لە جیاتی پارێزگاری سلێمانی دانرا بە ھەموو دەسەڵاتەكانی پارێزگار كاری كردووە".
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرای كرد: "لە ئەمڕۆ تا سبەی دانانی پارێزگارێكی دیكە بۆ سلێمانی یەكلا دەبێتەوە، ئەگەر بە رێككەوتنی سیاسی ئەوە نەكرێت، ئەوە دەگەڕینەوە بۆ بنەما یاساییەكان".