ياريده‌ده‌رى يه‌ڵدرم: "پێدانی چەك بە یەپەگە پرسی مان و نەمانی میللەتی تورکە"

"ئومێدەوارین ئیدارەی ئەمریکا ئەم هەڵەیە رابگرێت و دەستبەرداری ئەمە ببێت".

K24 – هه‌ولێر:

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، نورەدین جانیکلی لەبارەی فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە پێدانی چەک بە پەیەدە گوتی: "ئومێدەوارین ئیدارەی ئەمریکا ئەم هەڵەیە رابگرێت و دەستبەرداری ئەمە ببێت".

لە بارەی پێدانی چەک بە پەیەدە کە لە لایەن تورکیاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت، نورەددین جانیکلی ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ئەو سیاسەتەی ئیدارەی کۆنی باراک ئۆباما بەردەوامی پێ دەدرێت و گوتی: "دەبێت ئەم بڕیارەش لەو چوارچێوەیەدا سەیر بکرێت، ناتوانین وەڵامی روون و ئاشکرا بدەینەوە کە ئایا ئیدارەی ترەمپ لە ئەنجامدا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات یان نا. ئەوە دەبینین، هیچ جیاوازی نییە کاتێک یارمەتی ناڕاستەوخۆی گرووپێک بدەیت کە ئەمریکا خۆی بە گرووپی تیرۆریستی ناوی دەبات، جا ئەمە لە رێگەی یەپەگەوە بکرێت هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە پشتگیری لە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەکرێت. ناکرێت ئەمە قبوڵ بکرێت. ئەمە رووداوێکی گرنگە. ئەم پرسە بۆ کۆماری تورکیا پرسی مان و نەمانی میللەتی تورکە، پرسی مانەوەیە. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بە باشی بزانێت. ئەگەر لە رێگەی هەندێک کەسانی سادەوە، هەوڵی بەرەوپێشبردنی هەندێک پرۆژە بدرێت، ئەم میللەتە هەرگیز رێگە بەمە نادات. ئێمە ئومێدەوارین کە ئیدارەی ئەمریکا کۆتایی بەم هەڵەیە دەهێنێت". 

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، نورەدین جانیکلی ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتێکی لەو چەشنە سوود بە کەس ناگەیەنێت و رایگەیاند، "ئەمانە کۆمەڵە کارێکن دژبە میللەتی تورک، بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبین لە بەرەنگاریيەکانی خۆمان، هەموو هەوڵە دیپلۆماتیيەکان دەدەین، هیوادارین کە ئیدارەی نوێ کۆتایی بێنێت بەم هەڵەیە".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ.