كۆبوونەوەیەكی چەكدارانی داعش كرایە ئامانج
" 13چەكداری داعش كوژران و ژمارەیەكی زۆریش برینداربوون"
K24 - ھەولێر
فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەرپرسە باڵاكانی داعشیان لە ناوچەی قایم بۆردوومان کرد كە سەرقاڵی پلاندانان بوون بۆ ئەنجامدانی چەندین ھێرش لە مانگی رەمەزاندا.
لە بەیاننامەیەكدا، شانەی راگەیاندنی جەنگی، ئاشكرای كرد، وەزارەتی بەرگری عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا كۆبوونەوەیەكی گرنگی بەرپرسانی داعشیان لە ناوچەی قایم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بۆردوومان کرد، كە بەرپرسانی داعش لەو كۆبوونەوەدا سەرقاڵی دانانی پلانی تیروریستی بوون دژی خەڵكی سڤیل لە مانگی رەمەزاندا و ھێرشی سەر ناوچەی حەدیسە و دەروبەری ناوچەی روتبە.
بە گوێرەی بەیاننامەكە لەو ھێرشە ئاسمانییەدا 13 چەكداری داعش كوژران و ژمارەیەكی زۆریش برینداربوون.