مەسروور بارزانی شەری داعش لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا تاوتوێ دەکات

پێشنیازی ستراتیجیی دەکات بۆ رێگە گرتن لە مەترسی داعش

K24 - واشنتن:

بڕیارە سبەی دووشەممە، مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەمەریکا, لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی گفتوگۆکانیدا، سەردانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بکات لە واشنتن و لەگەڵ بەرپرسەکانی گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بکات.

هەروەها پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش  و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە  تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان دەبێت.

مه‌سروور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا، روانگە و پێشنیازی ستراتیجیی دەکات بۆ رێگە گرتن لە مەترسی داعش دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستییان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی هەرێمی کوردستان گەیشتنە واشنتن و بڕیارە لە ماوەی سەردانەکەیان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس کۆببنەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی مەسروور بارزانییە بۆ ئەمەریکا دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ.