بە ڤیدیۆ... ئەو گەنجەی 25 ساڵ بێسەر و شوێن بوو بە دایك و باوكی شادبووەوە
لە تەمەنی 7 ساڵییەوە لەلایەن خێزانێك دزراوە و یەكێك بووە لە بەركەوتووانی شاڵاوی ئەنفال
K24 - ھەولێر
گەنجێكی دانیشتووی شارۆچكەی پردێی سەر بە كەركووك، دوای 25 ساڵ بێسەر وشوێن بوونی بە دایك و باوكی شادبووەوە.
بە گوتەی چەند كەسێكی نزیك لەو گەنجە، لە تەمەنی 7 ساڵییەوە لەلایەن خێزانێكی (قەرج)وە دزاوە دواتر لەگەڵ ئەو خێزانە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە و نەیزانیووە ئەمانە دایك و باوکی خۆی نین.
باوكی كوڕەكە دەڵێ: "لەساڵی 1991 كە دەستی رژێمی بەعس رامانكرد عەلی كوڕم لەو كاتەوە بێسەروشوێن بوو، ئەوكات مانگێك بەدوایدا گەڕام نەمدۆزیەوە، دوای ئەو ھەموو ساڵە ھەواڵیان پێداین كە لە توركیایە، چوومە ئەوێ و كوڕەكەی خۆمم دۆزیەوە، ئێستا تێگەیشتین كە كاتی خۆی كوڕەكەمان دزراوە".
دەشڵێت: "لەو كاتەی كە كوڕەكەمان بێسەروشوێن بوو، ھیچ شەوێك بە ئاسودەی نەخەوتووین، ھەموو ژیانمان تێكچوو، ئێستا بە بینینی كوڕەكەمان ئاسوودە بووم".
دوای ئەنفالەكان دەچێتە ئێران و ماوەیەک لە خانەی بێسەرپەرشتان دەمێنیتەوە و پاشان کە گەورە دەبێت لەگەڵ چەن ھاوڕێیەكی لە ئێرانەوە دەچنە تورکیا و ماوی 20 ساڵە لە توركیا دەژیت، ئەو ھاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان كردووە و ئێستا لە ئیستانبوڵ دەژین.
كەسە نزیكەكانی ئەو گەنجە لەبارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی كوڕەكەیان ئاشكرای دەكەن، ژنێكی بە تەمەن ئەوەی زانیوە كە ئەم لە توركیایە و ھەواڵی داوەتە خێزانەكەیان پێی گوتون كوڕەكەتان ماوە و لە ئیستانبوڵە، دایك و باوكی كوڕەكەش ناونیشانەكە وەردەگرن و دەڕۆنە ئیستانبوڵ دوای گفتوگۆ و پشكنینی پزیشكی دەركەوتووە كە كوڕی ئەمانە.


