به‌ ڤیدیۆ.. له‌ ئاهه‌نگه‌كانی ریال مه‌درید خوێن ڕژاوه‌ و چه‌ندان كه‌س بریندار بوونه‌

میدیاكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ له‌ كاتی ئاهه‌نگه‌كانی ریال مه‌درید به‌ بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی ناسناوی لالیگا خوێنێكی زۆر رژاوه‌ و برینداری زۆریش هه‌بووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 23 ئایاری 2017، پێگه‌ی (دۆن باڵۆن)ـی ئیسپانیا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ له‌ كاتی ئاهه‌نگی بردنه‌وه‌ی ریال مه‌درید به‌ بۆنه‌ی 33ـه‌مین ناسناوی لالیگا 65 كه‌س برینداربوونه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، نزیكه‌ی 50 هه‌زار له‌ گۆڕه‌پانی سپیلس له‌ مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا به‌شدارییان له‌ ئاهه‌نگی بوون به‌ پاڵه‌وانی لالیگا كرد، له‌ گه‌رمه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ چه‌ندان كه‌س به‌هۆی خواردنه‌وه‌ مادده‌ كحوول و هۆشبه‌ره‌كان تووشی به‌ریه‌ككه‌وتن بوون و به‌شێكیان له‌خۆشی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ ئازاری جه‌سته‌ی خۆیان داوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ روونیكردۆته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌ی برینداره‌كان له‌ لایه‌ن بنكه‌ی ته‌ندروستی گه‌ڕۆك چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرا، به‌شێكیان به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاگوزاری مه‌درید گواستراونه‌ته‌وه‌.

ریال مه‌درید دوای 5 وه‌رز دابڕان به‌ فه‌رمی به‌ ناسناوی خولی نێوخۆی ئیسپانیا شادبووه‌ و به‌سه‌ر بارسێلۆنای ركابه‌ری سه‌ركه‌وت.