دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە تەقینەوەکەی مانچیستەر دەستگیرکران
تا ئێستا هەشت کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە داڕێشتنی پلانی تەقینەوەکە دەستگیرکراون
K24 - ھەولێر
پۆلیسی بریتانیا بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی تەقینەوەکەی هۆڵی ئارێنا لە مانچێستەر بەردەوامە و سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لەو هێرشە دەستگیرکران، بەبێ ئەوەی شوێنی دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا بکرێت.
لەدوای تەقینەوەکەی مانچێستەر، تا ئێستا هەشت کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە داڕێشتنی پلانی تەقینەوەکە دەستگیرکراون، کە یەکێکیان ئافرەتە و ئەوەی دیکەش برای خۆکوژەکەیە.
بەرەبەیانی رۆژی 23 ئەم مانگە تەقینەوەیەك لە ھۆڵێكی ئاھەنگێران لە شاری مانچیستەری بەریتانیا روویدا، لە ئەنجامدا زیاتر لە 20 كەس گیانیان لە دەستدا و نزیكەی 60 كەسیش برینداربوون، چەند كاتژمێرێك دوای تەقینەوەكە رێكخراوی داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكە راگەیاند، پۆلیسی بەریتانیاش ئاشكرای كردووە، ئەنجامدەری تەقینەوەكەیان دەستگیركردووە و چەندین كەسی دیكەش بە تۆمەتی پەیوەندی بوونیان بە كردەوەكە دەستگیركراون.