سێ گوندی دیكەی قەیرەوان كۆنتڕۆڵكرانەوە

"هێرشێکی چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی حەزەر لە رۆژئاوای مووسڵ شكستی پێھێنرا"

K24 - ھەولێر

هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری ناحیەی قەیرەوان سێ گوندیان کۆنترۆڵکردەوە و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویشیان لە رۆژهەڵاتی بەعاج تەقاندەوە.

راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندە کۆنترۆڵ نەکراوەکانی سنووری ناحیەی قەیرەوان دوێنێ شەو ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە، تاوەکو ئێستاش توانیویانە گوندەکانی ئەرفیع،  ئەمیلحات، قوبەلوەهبی و رێگای نێوان عەدنانییە و بەعاج لە رۆژئاوای مووسڵ کۆنترۆڵ بکەنەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی حەشدی شەعبی ناحیەی قەیروانیان لە رۆژئاوای مووسڵ کۆنترۆڵکردەوە.

لە لایەكی دیكە راگەیاندنی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، هێزەکانیان هێرشێکی چەکدارانی داعشیان لە شارۆچکەی حەزەر لە رۆژئاوای مووسڵ تێکشکاند، بەوهۆیەشەوە 7 چەکداری داعش کوژراون.

ئاماژەی بەوەشدا، لە شەڕوپێکدادانی نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و داعش لە نزیک فڕۆکەخانەی تەلەعفەر، هێزەکانیان توانیویانە سەرکردەیەکی سەربازی داعش بکوژن.