عەبادی بۆ مەسروور بارزانی: سەرکەوتنی ھێزەکانی عێراق لە مووسڵ بەھۆی ھەماھەنگی و پاڵپشتی راستەوخۆی پێشمەرگەوە بوو

راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق كۆبوويه‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق کۆبوویەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوا پەرەسەندنە سەربازیی و سیاسیيەکانی عێراق و ناوچەکە خرانە بەر باس.

له‌و ميانه‌يه‌دا، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێز و پێزانینی خۆی بۆ ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ئاماژەی بە ئەوەشدا، کە سەرکەوتنی هێزە عێراقیەکان لە پارێزگای موسڵ ئەنجامی هەماهەنگی و پاڵپشتی راستەوخۆی هێزی پێشمەرگە بووە.

هەر لەم دیدارەدا ئاماژە بە پێویستیی گرتنەبەری رێگەچارەی گونجاو درا لە پێناو چارەسەریی کێشە کەڵەکەبووەکان تاکو بوار بە سەرهەڵدانەوەی تەوژمی توندڕۆیی لە دەڤەرەکەدا نەدرێتەوە.

لە بارەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش هەردوولا پێداگیرییان لە سەر بنیاتنانی گفتوگۆیەکی راشکاوانە کرد تاکو بە شێوەیەکی ئاشتیانە بتوانرێت گشت کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە رێز لە خواست ویستی گشت پێکهاتەکانی عێراق بگیرێت و داهاتوويەکی گەش و پڕ لە متمانە و سەقامگیری بۆ هەموو لایەک مسۆگەر بکرێت.