ھاووڵاتیان لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەك ئاگادار دەكرێنەوە

وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەكان بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، چەند حاڵەتێكی كۆلێرا لە خوارووی عێراق تۆماركراوە، بەھۆی ھاتنی ئاوارەكانیش لە سنووری پارێزگای مووسڵ بۆ شارەكانی كوردستان، مەترسی سەرھەڵدانی نەخۆشی كۆلێرا لە كوردستان ھەیە.

لە ناوەرۆكی روونكردنەوەكەدا وەزارەتی تەندروستی چەند خاڵێك وەك رێنمایی بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا دەخاتەڕوو، داواش دەكات ھاووڵاتیانی كوردستان، رێنماییەكان جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی تووشی ئەم نەخۆوشیە نەبن.

 

دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی تەندروستی

هاووڵاتیانی خۆشەویست ...

بەهۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک نەخۆشی کۆلێڕا لە خوارووی عێڕاق و زۆر خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە پارێزگای موسڵ و بەردەوام هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆلێڕا هەیە لەهەرێمەکەمان . وێڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێشگیریە پێویستەکان و ئاماده باشی لە دەزگا تەندروستی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بۆ دڵنیابوون لە پاکڕاگرتنی هەرێم لەم پەتایە و پێشگیری و خێرا کۆنتڕۆڵکردنی لە کاتی سەرهەڵدانی هەروها هەماهەنگی کردن لەکەڵ وەزارەتەپەیوەندارەکانی تر بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی نەخۆشیەکە .

داواکارین لەهاووڵاتیانی خۆشەویست ، پابەندی ڕێنماییە تەندرووستیەکان بن بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و کەس و کار و هاونیشتمانیان :_

1- بایەخدان بە پاکوخاوێنی کەسی وەک دەست شووشتن بە ئاو و سابوون پێش ئامادەکردنی خواردن، پێش نان خواردن و دوای دەرچوون لە ئاودەست .

2- دڵنیابە لە پاکی ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنیت ، ئەگەر نا بۆ خواردن و خواردنەوە بەکاری مەهێنە

3- ئاگاداری پاکژی خواردن و خواردنەوکەت بە .

4- دڵنیابە لە جوان شووشتنەوەی سەوزە و میووە ، پێش خواردنیان

5- دوور کەوە لە خواردن و خواردنەوەکانی سەر شوستە و عەرەبانەکان

6- ئەو سەوزانەی بەئاوی زێراب ئاودراوون ، بەسەرپێجی کردنی ڕێنماییەکان ، ئەوانەسەرچاوەی نەخۆشیەکەن بەکاریان مەهێنە

7- ئەو خواردنەوە و شیرینیانەی لە ماڵان دروست دەکرێن و دەفرۆشرێن ، پاکژ نین و بەکاریان مەهێنە .

تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە سەرجەم شار وشارۆچکەکان ڕاسپێردراوون بۆ جاودێریکردنی ووردی شوێنەکشتیەکان و نەهێشتنی سەرپێچیەکان ، چاودێری بەردەوامی سەرجاوەکانی ئاو و زیادکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی و چاودێری تەندروستی لە کامپی ئاوارەکان لە هەرێم.

 

راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی

2017/5/6