حاكم قادر حەمەجان بۆ جاری دووەم پۆستێكی حزبەكەی رەتدەكاتەوە
"قسەكەری فەرمی یەكێتی نییە"
K24 - ھەولێر
لە ماوەی كەمتر لە مانگێك بۆ جاری دووەم حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رەتیدەكاتەوە ئەو وتەبێژی حزبەكەی بێیت.
پۆستی وتەبێژی فەرمی یەكێتی جارێكی دیكە حاكم قادر حەمەجانی ھێنایە دەنگ و لە روونكردنەوەیەكدا كە بەناوی نووسینگەی ناوبراو بڵاوكراوەتەوە دەڵێ: "حاکم قادر حەمەجان قسەکەری فەرمی (ی.ن.ک) نییە و بەرلەئێستا گەرئەوپۆستە لەلایەن ھەردەزگایەکی راگەیاندنەوە بەھەڵە خرابێتە پاڵ ناوی ئەو بەڕێزەوە، ئەوە لەڕێی ئەم پەیامەمانەوە بۆ سەرجەم کەناڵ ودەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕوون دەکەینەوە، ھەڤاڵ حاکم قادر حەمەجان تەنھا ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".
دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە 29/4/2017، حاكم قادر حەمەجان وەك وتەبێژی حزبەكە دیاركرا، دواتریش میدیای فەرمی یەكێتی وەك وتەبێژی حزبەكە ناویان برد.ئەمە دووەمین روونكردنەوەی حاكم قادر حەمەجانە بۆ رەتكردنەوە پۆستی وتەبێژی یەكێتی بڵاوی دەكاتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ دەبێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتەبێژی فەرمی نییە، پێشتر ئازاد جندیانی وتەبێژی فەرمی یەكێتی بوو، بەڵام بەھۆی فرەمینبەری لەنێو حزبەكە دەستی لەكاركێشایەوە، ئەمساڵیش بە فەرمی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند، بە گوێرەی زانیارییەكان دوای جندیانی داوا لە چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە ئەو پۆستە وەربگرن، بەڵام ھەموویان رەتیان كردووەتەوە، ھۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە لەنێو یەكێتیدا زۆربەی سەركردەكان وەك وتەبێژ یان زیاتر لە وتەبێژ لێدوان لەبارەی پرسە سیاسییەكان دەدەن.