تەرمێكی نەناسراو لە دەڤەری سۆران دۆزرایەوە
"تەرمەكە تێكچووە پێدەچێت ماوەیەكی زۆربێت گیانی لە دەستدابێ"
K24 - سۆران
پۆلیسی سۆران ئاشكرای كردم تەرمێكی نەناسراو لە نزیك گوندێكی شارەدێی سیدەكان دۆزراوەتەوە و تا ئێستاش كەس سۆراغی نەكردووە.
نەقیب هاوار ئەرگۆشی وتەبێژی پۆلیسی سۆران رایگەیاند: "تەرمی هاووڵاتیەک لە نزیک گوندی شانەشای سەر بەناحیەی سیدەکان کە دەکەوێتە نزیک سنووری وڵاتی تورکیا دۆزرایەوە، پێدەچێت ماوەیەکی زۆربێت گیانی لە دەستدابێت چونکە تەرمەکە رزیوەو زۆربەی گۆشتی لاشەی نەماوە".
روونیكردەوە: "تەرمەکە نەناسراوە، بەڵام لە نزیکی شوێنی کەوتنی جانتایەک دۆزراوەتەوە کە جل و بەرگ و هەروەها کملیکێک و پاسەپۆرتێکی تورکی بەناوی بوزێر محەمەد یەشار، تەمەن51 ساڵ لە ناودابووە".
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران راشیگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا بە مەبەستی زانینی رەگەز و تەمەن و هۆکاری گیان لە دەستدانی، بەڵام تا ئێستا هیچ کەس وەک ناسیاو یان کەس و کاری خۆی بە ئێمە نەناساندووە، ئەمە دووەمین حاڵەتی دۆزینەوەی تەرمە کە لە نزیک سنووری ووڵاتی تورکیا دەدۆزرێتەوەو کەس سۆراغی ناكات. پێشتر لە 14/4/2017 لە ناو رووبار دۆزرایەوە تاکو ئێستاش لە پزیشکی دادی هەولێر پارێزراوە".