كەشناسی: خۆڵبارین دەست پێدەكات
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی شەپۆلێكی خۆڵبارین روو دەكاتە ھەرێمی كوردستان و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە.
بە گوێرەی راپۆڕتی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ كوردستان24 نێردراوە: "سبەى پێنجشەممە لە تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان پلەکانى گەرما روو لە نزم بوونەوە دەکات، هاتنى بارستە هەوایەکى فێنک کاردەکاتە سەر ناوچەکەمان و بەرزترین پلەکانى گەرما بە 4-6 پلە نزم دەبێتەوە، لەگەڵ نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما خۆڵ بارین کار دەکاتە سەر ناوچەکانى هەرێمى کوردستان".
لە راپۆڕتەكەی كەشناسیدا ھاتووە: "پێشبینى دەکرێت مانەوەى کاریگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ سبەى پێنجشەممە لە هەندێ ناوچە زیاتر بێت و خێراى با لە هەندێ کات بەرزدەبێتەوە بۆ سەرووى 20کم لە کاتژمێرێکدا، رۆژى هەینى ئاسمان بە گشتى ساماڵ دەبێت و پلەکانى گەرما یەک پلە تا دوو پلە دەست دەکات بە بەرزبوونەوە کاریگەرى خۆڵ بارین لەسەر هەرێم نامێنێت و خێراى باش لە نێوان 10 تا 15 کم دەبێت لە کاتژمێرێکدا".