شایەتحالێكی كورد ھێرشەكەی سەر پەرلەمانی ئێران بۆ كوردستان 24 دەگێرێتەوە.. بزانه‌ چۆن رزگاربووه‌

ھیوا ئەو منداڵەی رزگاركرد كە میدیاكانی جیھان باسیان ده‌كرد

K24 - تاران:

لەھێرشەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر پەرلەمانی ئێران منداڵێك بەناوی عیماد رزگاركرا، كە دەنگدانەوەی زۆری میدیایی ھەبوو، ئەو منداڵە لەلایەن كوردێكی خەڵكی مەھاباد بەناوی ھیوا ره‌سووڵی رزگاریبوو، ئەو كەخۆی بۆ دۆزینەوەی كار لە پەرلەمان بووە، رۆژی ھێرشەكەی تایبەت بۆ كوردستان 24 گێراوەتەوە.

لەو ھێرشەی بۆ سەر باڵەخانەی پەرلەمانی ئێران كرا، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كرا، لەو نێوەشدا چیرۆكی سرنجراكێشیشی كەم نەبوون، منداڵێك بەناوی عیماد لەگەڵ دایكی لەمردن دەگەرێتەوە و میدیا ناوخۆیی و جیھانییەكانیش باسی دەكەن، رزگاركەرەكەی ئەو كوڕەیە، ناوی ھیوایە و خەڵكی مەھابادە، خۆی دەلێ كە منداڵەكەی دیت نەیتوانی رابكات،و بۆی گەرایەوە.

ھیوا دەرچووی زانكۆیە و لەمەھاباد بێكارە، خۆی دەڵێ بۆ وەرگرتنی پشتگیرییەك لەنوێنەری شارەكەیان لەمەھاباد رێگەی تارانی گرتبووەبەر، بەڵام بەسەر ئەو كارەساتەدا كەوت، خۆی دەڵێ كە منداڵەكەم لەژوورێكی پارێزراودانا، گەرایەوە، بەڵام رێگەی گەڕانەوەی نەبوو.

ژووری تەنیشت ئەو ژوورەی ھیوا خۆی تێدا حەشارداوە، كوشتارێكی گەورەی تێداكراوە، ئەو دەڵێ چەكدارەكان ژوورێكیان دەكردەوە و یەكیان دەبوارد، ئەگەرچی تەقە لەدەرگای ژوورەكەیان كراوە، بەڵام چانسیان ھەبووە و نەیانكردووه‌تەوە.

ھیوا دەڵێ پەرلەمانتارەكان بەدوای خەڵكی شارەكەیان دەگەڕان كە رێگەیەكی دووریان بۆ بینینی ئەوان پێواوە، بەڵام نائۆمێدی بە رووخساری ھەموویانەوە دیاربوو، دوای سێ كاتژمێر شەڕ لە قاتی یەك و دووی پەرلەمانی ئێراندا ھیوا  كە عیمادی رزگاركردبوو رزگاری بوو.