خەزعەلی: ھەموو گەلێك مافی دیاركردنی چارەنووسی خۆی ھەیە
حەشدی شەعبی: هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەیە
K24 - ھەولێر
بە نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی یەکجارەکی داعش لە عێراق، هەندێکجار باس لە ئەگەری پێکدادانی هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەکرێت بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو هێزە چەند گوندێكی كوردانی ئێزیدی لە نزیك شنگال لە باشوور و رۆژئاوای نەینەوا كۆنتڕۆڵكرد، بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبیش دەڵێن ئەوە روونادات ئەوان لەگەڵ پێشمەرگە پێکەوە رووبەڕووی رژێمی پێشووی عێراق و ئێستاش چەکدارانی داعش بوونەتەوە.
ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی حەشدی شەعبی بە كوردستان24 راگەیاند: "مەترسی لەمشێوەیە بوونی نیە، ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ برایانمان لە پێشمەرگە و سەركردایەتی ھەرێم ھەیە، مێژووی دوورو درێژی پێكەوەییمان ھەیە، كە زیاتر لە 30 ساڵ دەبێت، بۆیە ھیچ بەركەوتنێك روونادات، ھەمووشمان بە یاسا و دەستورەوە پابەندین، پێكەوەش لەم نیشتیمانە ھاوبەشین و پارێزگاری لێدەكەین، كەواتە عێراق و دەستور و یاسا و مێژووی پێكەوەییمان زامنی روونەدانی بەریەك كەوتنە لە نێوانماندا".
ھەر لەبارەی ئەگەری مەترسی دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت: "بەھیچ شێوەیەك ئەمە روونادات، ئێمە بەیەكەوە لە دژی رژێم و دواتر لە دژی داعش شەڕمان كرد، پەنا بەخوا بەیەكەوەش پارێزگاری لە یەكپارچەیی عێراق دەكەین".
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسایب ئەھلولحەق بە كوردستان24 گوت: "بێگومان ئێمە لەگەڵ دیاریكردنی چارەنووسی ھەر گەلێكین بەڵام، ئێمە بەرژەوەندی كورد لە مانەوەیان لەگەڵ ئەم وڵاتە دەبینینەوە، پێشمەرگە ھێزێكی قوربانیدەرە دژی رژێمی پێشوو خەباتیكرد، ئێستاش دژی داعشیش ھاوشانی ھێزە ئەمنییەكانی دیكەی عێراق شەڕ دەكات، ھیچ مەترسییەك لەبارەی دروستبوونی كێشە لە نێوان پێشمەرگە و حەشد نابینم".