ئێران راپۆرتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان رەتدەكاتەوە
ئەم راپۆرتە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە و داوەری کردنی ناڕەوا ئامادەكراوە
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راپۆرتی چاودێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەكاتەوە و بە راپۆرتێکی سیاسی و لایەنگرانە دەزانێت.
بەھرام قاسمی لەمبارەوە گوتی ئەم راپۆرتە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە و داوەری کردنی ناڕەوا ئامادەكراوە.
عاسمە جەهانگیر چاودێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە یەکەم راپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردبوو دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوام بەرەو خراپی چووە.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنە لە بوونی چاودێرێکی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەگرێت و دەڵێت کۆماری ئیسلامیی ئیران هەر لە سەرەتاوە دیاریکردنی چاودێرێکی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە کارێکی بێ مانا و نابنیاتنەر زانیوە و گوتیشی بەر لەوەی عاسمە جەهانگیر راپۆرتەکەی بڵاو بکاتەوە، وەڵام و روونکردنەوەی ورد و بەڵگەمەنە لەسەر هەموو بابەتەکانی ناو راپۆرتەکەی پێدراوە.
JS