"خێزانه داعشه‌كان ئاگری ژێر كان"
"مه‌ر‌جی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ستبه‌رداربوونی كه‌سوكاره داعشه‌كه‌یان بووه"
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رزگاركردنی ئه‌نبار ده‌ڵێت "ئه‌و خێزانانه‌ی داعش هێرشه تیرۆریستییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه پارێزگای ئه‌نبار و پێویسته به په‌له ده‌ربكرێن و بوونه‌ته ئاگری ژێر كا".
حه‌مید هایس، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رزگاركردنی ئه‌نبار له دیدارێكی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا گوتویه‌تی "له باكووری شاری رومادی سه‌نته‌ری پارێزگای ئه‌نبار، ئه‌و خێزانانه‌ی چه‌كدارانی داعش كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، بۆمبی چێنراو داده‌نێن و كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كاتێكیش لێكۆڵینه‌وه كراوه، ده‌ركه‌وتووه كه‌سوكار و منداڵی چه‌كدارانی داعشن".
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رزگاركردنی ئه‌نبار پێشنیاز ده‌كات، خێزانی چه‌كدارانی داعش ببرێنه سه‌ربازگه‌ی تایبه‌ت و پێیوایه، ئه‌وانه ژماره‌یان زۆر نییه و ده‌كرێت له‌و شوینانه‌دا سه‌رله‌نوی ئاماده بكرێنه‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵگا و چاره‌سه‌ری ئه‌و ره‌وشه بكرێت و له‌و توندڕه‌وییه دووربخرێنه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی "له رووی یاسایی و عه‌شائیرییه‌وه ناكریت داببڕێنرێن، به‌ڵام رق و كینه‌ی خێزانی چه‌كدارانی داعش، بووه‌ته هۆی درووستكردنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵك و خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌ن هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌و خێزانانه نه‌ماوه".
حه‌مید هایس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "هیچ ترسێك له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و رێكخراوه هاوشێوه‌كانیان نه‌ماوه، چونكه كۆمه‌ڵگا هۆشیار بووه‌ته‌وه و په‌ندیان له رووداوه‌كانی ساڵانی پێشتر وه‌رگرتووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و قسانه‌شی باسكراوه كه ساڵانی 2005 و 2006 خێزانه‌كانی چه‌كدارانی قاعیده ده‌ركراون، دووره له راستییه‌وه‌و به‌ڵگه‌ش به‌رده‌سته كه هه‌مان ئه‌و خێزانانه‌ی پێشتر سه‌ر به قاعیده بوون، پاشان ئه‌وان بوون بوونه داعش".
حه‌مید هایس ئه‌وه‌یشی گوتووه "ئه‌گه‌ر سه‌رژمێرییه‌ك بكه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێت 80% خێزانه‌كانی داعشه‌كان به‌و شێوه‌یه گه‌ڕاونه‌ته‌وه كه خۆیان له رۆڵه‌كانیان بێبه‌ری كردبێ به‌ڵام زۆرینه‌یان به‌ردوامن له‌سه‌ر درووستكردنی پشیوی و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی".