عه‌بادی ناوی پێشمه‌رگه ناهێنی وحه‌شدی شه‌عبی به پیرۆز ناوده‌بات
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق: ئاماده‌كارییه‌كانی جه‌نگی ته‌له‌عفه‌ر خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 5/8/2017 رایگه‌یاند "سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووانه و نابێت هیچ لایه‌نیك بۆ خۆی قۆرخ بكات وعێراق ناگه‌ڕێته‌وه چوار گۆشه‌ی یه‌كه‌م"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد سه‌ره‌ڕای جه‌نگی دژی داعش، توانیویانه ره‌وشی عێراق له رووی ئابوورییه‌وه باش بكه‌ن".
عه‌بادی له كۆنگره‌ی "فه‌توای سه‌ركه‌وتن" قسه‌ی بۆ ئاماده‌بووان كردوو گووتی "ئاماده‌كارییه‌كانی رزگاركردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر خه‌ریكه ته‌واو ده‌بن و قۆناغی داهاتووی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی خاك ده‌بێته جه‌نگی یه‌ك گوتاریمان، پاش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ داعش شكۆی له عێراق شكاوه".
سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ده‌ڵێت "به‌هۆی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه ئه‌منییه‌كانمان داعشمان تۆقاند و جیهان به سه‌رسوڕمانه‌وه ته‌ماشامان ده‌كات، پێویسته "فه‌توای جیهاد"ی عه‌لی سیستانی له بیر نه‌كرێت كه به‌هۆیه‌وه ئه‌و حه‌شده شه‌عبیه پیرۆزه له دایك بووه‌و به‌شداریی له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌دا كردووه".
به‌ڵام عه‌بادی له باسكردنی ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كاندا ناوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی نه‌هێنا، هه‌ر چه‌نده له سه‌ره‌تای گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه سه‌ركه‌وتنه‌كان موڵكی هه‌مووانن، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه یه‌كه‌مین هێز بوون، به‌ریان به پیشڕه‌وی چه‌كدارانی داعش گرت و شار و ناوچه‌كانیان له چه‌كدارانی داعش سه‌نده‌وه، له وتاره‌كه‌ی عه‌بادیدا ئاماژه‌ی بۆ نه‌كرا.