زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان دابه‌ش ده‌كرێ

وەزارەتی شەھیدان دوایین لیست دەداتە وەزارەتی شارەوانی

K24 - ھەولێر

بڕیارە بەم نزیكانە پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدانی شەڕی داعش دابەش بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ھەر یەك لە وەزیرانی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان و شارەوانی و گەشتوگوزار، لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ تاوتوێی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدان دەكەن.

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ھەردوو وەزیرانی شارەوانی و كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، بۆ دوو مەبەستە، یەكەمیان وەزارەتی شەھیدان دوایین لیستی شەھیدانی شەڕی داعش بداتە وەزارەتی شارەوانی، بۆ ئەوەی پارچە زەوییان بەسەر دابەش بكەن، چونكە بڕیاردراوە ھەر خێزانێكی شەھید پارچە زەویان پێبدرێت بە گوێرەی شوێنی جوگرافی، ھەروەھا داواش لە ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت لیستی شەھیدانیان بدەنە وەزارەتی شەھیدان بۆ ئەوەی بیداتە وەزارەتی شارەوانی".

گوتیشی: "ئامانجی دووەمی كۆبوونەوەكە ئەوە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، كۆمەڵێك یەكەی نیشتەجێی دروستكردووە، تا ئێستا ئەو یەكانە خزمەتگوزاریان بۆ نەچووە، لەبەر ئەم ھۆكارەش تا ئێستا نەتوانراوە دابەش بكرێن، وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی دەربڕیووە كە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ ئەو یەكانە دابین بكات، ھەروەك بڕیارە ژمارەیەك لەو یەكانە بەسەر كەسوكاری شەھیدانی شەڕی داعش دابەش بكرێن".